نها نیوز – هەواڵەکان
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سەردانی بنیامین ناتانیاهۆی بۆ ئەمریکا ئاشکراکردووە و چەند پرسێک دەخاتە ڕوو، دیارترینیان شەڕی غەززە و پرسی ئەتۆمی ئێرانە.
بەگوێرەی هەواڵی بلومبێرگ، بەرپرسێکی ئیسرائیلی ئاشکرایکردووە، نەتانیاهۆ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تاوتوێی دۆخی سووریا و ڕۆڵی تورکیا لەوێ دەکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ناتانیاهۆ نیگەرانی خۆی لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و ڕێگاکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران دەخاتەڕوو، بەتایبەت دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا چەندین جار داوای لە تاران کرد دانوستان بکات.
میوانە ئیسرائیلییەکە لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ ترەمپ لە ڕۆژی دووشەممەدا هەوڵدەدات ڕێککەوتنێکی باشتر لەسەر باجەکان بکات.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دوێنێ ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا "باجی گومرگی، هەوڵەکانی وەرگرتنەوەی زیندانییەکان، هەڕەشەی ئێران و شەڕی دژی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان" تاوتوێ دەکرێت.
شایانی باسە ناتانیاهۆ لە ئێستادا سەردانی هەنگاریا دەکات و بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە ڕاستەوخۆ لە ئەوروپاوە بۆ ئەمریکا گەشت بکات.
ئەمە چوارەم سەردانی ناتانیاهۆ دەبێت بۆ ئەمریکا لەدوای دەستپێکردنی شەڕی غەززە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، ئەمەش دوای هێرشی حەماس بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوون و بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە.
ئەگەر ئەو دیدارە چاوەڕوانکراوە لەگەڵ ترەمپ ئەنجام بدرێت، ئەوا ناتانیاهۆ یەکەم سەرکردەی بیانی دەبێت کە ڕووبەڕووی یەکتر ببینەوە لە هەوڵێکدا بۆ دانوستان لەسەر ڕێککەوتنێک بۆ لابردنی باج.