جیهان

تەقە کەوتە نێو حکومەتی سوریا و داوای گۆڕینی حکومەتەکەی شەرع دەکرێت

نها نیوز - هەواڵەکان

راگەیاندنی پێكهێنانی حكومەتی نوێنی سوریا بۆ ئەمشەو دواخرا، کەناڵی ئەو وڵاتەش ئاشکرایکردووە کە داوای گۆرینی دەستوری راگوزەری سوریای كردووە.

تەلەفزیۆنی سوریا، لەزاری سەرچاوە تایبەتەکانی بڵاویكردووەتەوە، راگەیاندنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی سوریا، كە بڕیاربوو نێوەڕۆی ئەمڕۆ ئەنجامبدرێت، خراوەتە کاتژمێر (١٠)ی ئەم شەو.

هاوکات وابڕیارە حكومەتی نوێی سوریا لە (22) وەزارەت پێكبهێنرێت، وەزیرانی دەرەوە و ناوخۆ و بەرگری كە سەربە (دەستەی تەحریری شام)ن و كەسانی نزیكن لە ئەحمەد شەرع، سەرۆكی راگوزەری سوریا، لە شوێنەكانی خۆیان دەمێننەوە لە حكومەتی نوێدا.

 ئەو سەرچاوانە ئاماژە بەوەش دەکەن، کە بەرپرسانی سوریا پێوەری لێهاتویيان كردووە بە ئەولەویەت لەپێكهێنانی حكومەت و هەڵبژاردنی وەزیرەكاندا، دەنگۆی بەشداری دوو وەزیری كورد هەیە لەكابینەی نوێی حكومەتی راگوزەری سوریا، بەڵام پێدەچێت بەشدارییان تەنها جۆرێك بێت لەپیشاندانی بەشداری پێكهاتەكان لە حكومەتی دیمەشقدا، بەوپێیەی ئەنجومەنی سوریاری دیموكراتی بەشداریكردنی لە حكومەتی دیمەشق رەتكردووەتەوە و رایگەیاندووە؛ تا دەستوری راگوزەری سوریا نەگۆڕێت بەشداری لە حكومەت ناكەن.

لەلایەکی دیکەشەوە، ئەنجومەنی نیشتمانی كوردی سوریاش (ئەنەكەسە)، بە فەرمی بەشداریكردنی لە رێورەسمی راگەیاندنی حكومەتی نوێی سوریا رەتكردووەتەوە و دەڵێت ؛هیچ پرس و راوێژێكان پێنەكراوە.

کەناڵی سوریا راشیگەیاندووە "یەكێك لە مەرجە دیارەكانی وڵاتانی خۆرئاوا بۆ هاوكاریكردنی دیمەشق، بەشداریپێكردنی سەرجەم پێكهاتەكانی سوریايە لە حكومەت و دامەزراوەكانی ئەو وڵاتە، پێدەچێت كاردانەوە و ناڕەزایی پێكهاتەكانی سوریا لەبارەی پەراوێزخستنیان لەناوەندی بڕیار لە دیمەشق، كاردانەوەی نەرێنی وڵاتانی ئەورپای بەدوادابێت".
2025-03-29
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.