جیهان

دەقی نامەکەی ترەمپ بۆ خامنەیی ئاشکرا کرا

نهانیوز- هەواڵەکان

سەرۆکی ئەمریکا لەو نامەیەی کە بۆ عەلی خامەنیی ناردووە داوای ڕێککەوتنی لێدەکات و هۆشداریشی داوە لە لەدەستدانی ئەو هەلەی کە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی خستوویەتیە بەردەمیان.

سەرچاوە ئێرانییەکان دەقی نامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایان بۆ عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران بڵاوکردەوە کە تاران دەڵێت بە هۆی بوونی زمانی هەڕەشە تێیدا، ڕەتیدەکەنەوە.

بە پێی دەقی نامەکە کە لەلایەن محەمەد ساڵح سادقیان، سەرۆکی ناوەندی عەرەبی بۆ توێژینەوەکانی ئێرانەوە بڵاوکراوەتەوە، سەرەتا ترەمپ داوای کردنەوەی ئاسۆیەکی نوێی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران دەکات و دواتریش دەڵێت ئەگەر ئێران ئەو هەلە ڕەتبکاتەوە، ئەمریکا دەستەوسان نابێت و وەڵامی خێرا و یەکلاکەرەوەی دەبێت.

دەقی نامەکە:

جەنابی ئایەتوڵڵا خامنەیی،

لەگەڵ ڕێزگرتن لە پێگەی ڕێبەرایەتی ئێوە و گەلی ئێران، ئەم نامەیەتان بۆ دەنووسم بە ئامانجی کردنەوەی ئاسۆی نوێ بۆ پەیوەندییەکانمان، دوور لە ساڵانی ململانێ و لێکتێنەگەیشتن و ڕووبەڕووبوونەوەی ناپێویست کە لە دەیەکانی ڕابردوودا بینیمان. کاتی ئەوە هاتووە دوژمنایەتی وەلابنێین و لاپەڕەیەکی نوێی هاوکاری و ڕێزگرتنی یەکتر هەڵبدەینەوە. ئەمڕۆش دەرفەتێکی مێژوویی لەبەردەمماندایە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ژێر سەرکردایەتی مندا ئامادەیە هەنگاوێکی گەورە بەرەو ئاشتی و کەمکردنەوەی گرژییەکان بنێت. پێکەوە دەتوانین گەمارۆکان هەڵبوەشێنینەوە، ئابوری ئێران بەهێز بکەین و دەرگاکانی هاریکاری نێوان وڵاتەکانمان بکەینەوە، نەک تەنها لە پێناو بەرژەوەندی دوو گەلەکەمان، بەڵکو بۆ قازانجی سەقامگیری و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا.

بەڵام هۆشداریتان دەدەمێ: ئەگەر ئەم دەستەی درێژکراوە ڕەت بکەنەوە و ئەگەر ڕژێمی ئێران ڕێگای پەرەسەندن و پشتیوانی بەردەوام لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان و سەرکێشییە سەربازییەکان هەڵبژێرێت، ئەوا وەڵامدانەوەی یەکلاکەرەوە و خێرا دەبێت. ئێمە لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ڕژێمەکەتان بۆ سەر گەلەکەمان یان هاوپەیمانەکانمان دەستەوسان نابین.

ئاشتی لاوازی نییە، بەڵکو بژاردەی بەهێزەکانە. گەلی ئێرانیش گەلێکی مەزنە و شایەنی ئایندەیەکی باشترن، دوور لە گۆشەگیری و هەژاری و ئازار.

ئەگەر ئێوە بۆ دانوستان ئامادەبن، ئێمەش ئامادەین. بەڵام ئەگەر بەردەوام بیت لە پشتگوێخستنی داواکارییەکانی جیهان، مێژوو ئەوە تۆمار دەکات کە دەرفەتێکی گەورەتان لەدەستداوە.

لەگەڵ ڕێزدا

دۆناڵد جەی ترەمپ

2025-03-29
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.