جیهان

شەرع دووبارە بە گژ کوردانی رۆژئاوا دەچێت و بڕیارێکی لەناکاو دەدات

نها نیوز ـ هەواڵەکان 

ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریا بلۆکێکی سیاسی نوێ دادەمەزرێنێت و حزبی سیاسی تێدا نابێت، هاوکات سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە، کە شەرع بەهۆیەوە حکومەتێکی یەکڕەنگ پێکدەهێنێت و کورد و پێکهاتەکانى تێدا نابێت.

سەرچاوە عەرەبییەکان رایانگەیاندووە، حکومەتی نوێی سوریا، یەک رەنگ دەبێت، جیهادییەکانی نزیک لە ئەبو محەمەدی جۆلانی رۆڵی کاریگەریان دەبێت لە پێکهاتەی حکومەتەکەدا، کە پێکدێت لە 22 وەزارەت و بڕیارە سبەینێ شەممە 29ـی ئازار رابگەیەندرێت.

هاوکات، بەپێی دەستوری نوێی سوریا، حکومەتەکە سەرۆک وەزیرانی تێدا نییە، سیستمی حوکمڕانی سوریا سەرۆکایەتی دەبێت، بەڵکو سکرتێری گشتی سەرۆک وەزیرانی تێدایە.

سەبارەت بە رۆڵی پێکهاتەکان لە حکومەتی نوێی سوریا، بەپێی زانیاریی سەرچاوەکان، وەزیرەکانی حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع لەرووی نەتەوە و مەزهەبەوە ژمارەیەک عەرەب، کورد، مەسیحی، سوننە، عەلەوی و دروزی لە خۆدەگرێت وەک کەسایەتی سەربە "تەحریری شام" و نزیک لە ئەحمەد شەرع، نەک نوێنەرایەتی پێکهاتە و لایەنە سیاسییە کاریگەرەکان، بازرگان و دەرچوانی زانکۆکانی رۆژائاواش لە خۆدەگرێت، تەنانەت یەک وەزیری رژێمی بەشار ئەسەدیش تێدا دەبێت.

سەبارەت بە رۆڵی ژنانیش، بەپێی سەرچاوەکان، یەک وەزیری ژن لە خۆدەگرێت.

هەروەها وەزارەتەکانی بەرگری، دەرەوە، داد و ناوخۆ بۆ لایەنی "تەحریری شام" دەبن. پێشبینی دەکرێت محەمەد بەشیر، سەرۆک وەزیرانی ئێستا رۆڵی دیکەی وەزاری پێبدرێت.

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەکان ئەوەشیان ئاشکراکردوور، کە حکومەتەکەی شەرع بلۆکی سیاسی (حزبی سیاسی) تێدا نابێت، ئەو کەسانەشی دەبنە وەزیر دەبێت هاوسۆزی "تەحریری شام" بن.
2025-03-28
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.