ئەردۆغان دوبارە کارتی فشاری بەرزکردەوە و هەسەدە هەڵدەوەشێنێتەوە
نها نیوز - هەواڵەکان
سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژە بەوە دەکات کە پشتیوانی لە هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە و تێكەڵكردنی بە حكومەتی ناوەندیی سوریا دەكات.
لەمیانی راگەیەندراوێکدا سەرۆكایەتی كۆماری توركیا رایگەیاندووە "ئەمڕۆ هەینی، ئەردۆغان و پوتین لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا تاوتوێی پەیوەندییە دوقۆڵییەكانی نێوان وڵاتەكانیان و چەند پرسێكی ناوچەكە و جیهانیان كردووە".
لە راگەیەندراوەکەدا ئەردۆغان وتویەتی "توركیا گرنگییەكی زۆر بەهەماهەنگیكردن لەگەڵ روسیا دەدات لەبارەی پرسی سوریاوە"، هاوکات ناوبراو ئاماژەی بەوەشداوە، گرنگە توركیا و روسیا پێكەوە كاربكەن لەپێناو مسۆگەركردنی هێنانەدی ئاشتی و سەقامگیریی هەمیشەیی لە سوریا لەسەر بنەمای یەكپارچەیی خاكی ئەو وڵاتە و دەشتوانن پێكەوە كاربكەن لەدژی ئەو هەوڵانەی كە دەدرێن بۆ پەكخستنی یەكێتی سوریا و دەستوپەنجە نەرمكردن لەگەڵ جیاكاری ئەتنیكی و تائیفی و "هەروەك دەشتوانن پێكەوە كاربكەن بۆ هەڵگرتنی سزاكانی سەر سوریا بەتەواوەتی".
سەرۆک کۆماری تورکیا جەختیشیكردووەتەوە كە دەبێت سەرچاوەكانی سوریا بەدەست حكومەتی سوریاوە بن و توركیاش پشتیوانی هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە و تێكەڵكردنیان بە ئیدارەی ناوەندیی سوریا دەكات.
هەروەها گرنگترین شتیش بەقسەی ئەردۆغان بۆ سەقامگیری سوریا ئەوەیە رێگەبگیرێت لەوەی ئەو وڵاتە بكرێتە "ناوچەیەكی لەبار بۆ رێكخراوە تیرۆریستییەكان".
لە بەشێكی دیكەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا تاوتوێی پرسی كۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆكرانیا كراوە و لەوبارەیەوە ئەردۆغان دەڵێت "توركیا لەنزیكەوە چاودێری پڕۆسەی كۆتاییهێنان بەشەڕی نێوان روسیا و ئۆكرانیا دەكات و ئامادەیە بۆ هەر جۆرە پشتیوانییەكی پڕۆسەكە لەوانەش میوانداریكردنی دانوستانەكانی ئاشتی نێوان هەردوو وڵات.
ئاسایشی هاتوچۆی كەشتییەكان لە دەریای رەش یەكێكی تر بوە لەو پرسانەی كە پوتین و ئەردۆغان تاوتوێیان كردووە، ئەردۆغان لەوبارەیەوە باسی لەوەکردووە، توركیا بەردەوام دەبێت لەسەر رۆڵی خۆی بۆ رێگریی لەوەی كە دەریای رەش ببێتە ناوچەیەكی ململانێ و شەڕ.
|