نها نیوز-هەواڵەکان
ڕاوێژکارێکی ڕێبەری باڵای ئێران ئاشکرایکردووە، تاران هەموو دەرگاکانی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئەمریکا دانەخستووە و ئامادەیە بۆ دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتۆن.
ئاژانسی هەواڵی ئێرنای ئێرانی لە زاری کەمال خەرازی، ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، ئێران هەموو دەرگاکان داناخات و ئامادەی گفتوگۆیە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەشێوەی ناڕاستەخۆ لەڕێگەی لایەنێکی دیکە بۆ ئەوەی مەرجەکانی خۆی بخاتەڕوو و بڕیارێکی گونجاو بدات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارە تاران بەم نزیکانە وەڵامی پەیامەکەی ترەمپ بداتەوە، هاوکات هەفتەی ڕابردوو وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو، تاران هەم هەڕەشەی ترەمپ و هەم ئەو دەرفەتانەی لەبەردەستدایە لە وەڵامەکەیدا لەبەرچاو دەگرێت.
ترەمپ لە خولی یەکەمی خۆیدا (2017-2021) لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی 2015ـی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان کشایەوە، کە بەربەستی توندی بەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی تاراندا سەپاند لە بەرامبەر کەمکردنەوەی سزاکان.
زلهێزەکانی ڕۆژئاوا ئێران بەوە تۆمەتبار دەکەن کە ئەجێندایەکی نهێنی هەیە بۆ پەرەپێدانی توانای چەکی ئەتۆمی لە ڕێگەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ئاستێکی بەرز لە دەرەوەی ئەوەی کە دەڵێن ڕەوایە بۆ بەرنامەیەکی مەدەنی وزەی ئەتۆمی.
لە کاتێکدا تاران پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە تەواوی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنها بۆ مەبەستی وزەی مەدەنییە.