جیهان

تاران ئامادەیە بۆ دانوستانی ئەتۆمی لەگەڵ واشنتۆن

نها نیوز – هەواڵەکان

ئێران ئامادەی خۆی بۆ دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی پشتڕاست کردەوە، بەمەرجێک ئەو کارە لەژێر گوشار و هەڕەشەدا ئەنجام نەدرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 24ـی ئازاری، 2025، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: "ڕێگا بۆ دانوستانی ناڕاستەوخۆ کراوەیە، ئەگەری دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتۆن ڕەتکردەوە "مەگەر هەڵوێستی لایەنی بەرامبەر، بەرامبەر بە ئێران نەگۆڕێت".

ڕوونیشیکردەوە: "بەردەوام لە سیاسەتی ئێمەدا ئەوەیە کە دانوستان نەکەین لەگەڵ ئەمریکا لەژێر فشار و هەڕەشەی زۆردا".

جەختیشی کردەوە، "رێگاکە کراوەیە بۆ دانوستانی ناڕاستەوخۆ، ئەو سیاسەت و تۆمەتانەی ڕۆژانە دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە، ناچارمان ناکات دەست بە هیچ دانوستانێکی ڕاستەوخۆ بکەین". دەشڵێت، "وڵاتەکەی هیچ دەرفەتێک لەدەست نادات بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان".

ستیڤ ویتکۆف نوێنەری ئەمریکا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، نامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی هەوڵێکە بۆ دوورکەوتنەوە لە کردەوەی سەربازی.

ویتکۆف بە کەناڵی فۆکس نیوزی وتووە، پێویست ناکات هەموو شتێک بە شێوەیەکی سەربازی چارەسەر بکەین.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی پەیامی ئێمە بۆ ئێران ئەوەیە: "با پێکەوە دابنیشین و بزانین ئایا دەتوانین لە ڕێگەی دیالۆگ و دیپلۆماسییەوە بگەینە چارەسەری دروست، ئەگەر بتوانین ئامادەین، ئەگەر نەمانتوانی، بەدیل بژاردەیەکی باش نییە".

2025-03-24
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.