جیهان

ئەردۆغان بۆ خۆپشاندەران: ڕۆژانی ڕژانە سەر شەقام و بردنی تێکدەرەکان لەگەڵ خۆتان کۆتایی هات

نهانیوز-هەواڵەکان 

سەرۆک کۆماری تورکیا پەیامێکی لەبارەی خۆپیشاندانی پارتی گەلی کۆماریی لە دژی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بڵاوکردەوە و دەڵێت" ئەو ڕۆژانە کۆتاییان هات کە لە ڕێی شەقامەوە کاریگەری بخەنە سەر ڕای گشتی،  برایەتی کورد و تورک و پێکهاتەکانی دیکە بەردەوام دەبن".

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا پەیامێکی لەربارەی خۆپیشاندانەکانی پارتی گەلی کۆماری لە دژی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند،"ڕۆژانی ڕژانە سەر شەقام و بردنی ڕێکخراوە چەپەکان و پەراوێز و تێکدەرەکان لەگەڵ خۆیان و پەنجە خستنە سەر ئیرادەی نەتەوەیی کۆتایی هات. ئەو ڕۆژانەی کە سیاسەت و دادپەروەری بە تیرۆری سەر شەقامەکان ڕێنمایی دەکرا، لەگەڵ تورکیای کۆندا بوو بە بەشێک لە ڕابردوو".

ڕاشیگەیاند" ئەگەر بوێریتان هەیە، با دیموکراسی و یاسا کار بکەن و با دادگاکان بە ناوی گەلی تورکیاوە بڕیاربدەن و با یاسا بێتاوان و تاوانبار ئاشکرا بکات. لە تورکیا هیچ کەسێک لە دەرەوەی بازنەی یاسا نییە. هیچ کەمینەیەکی ئیمتیازدار لە تورکیادا نییە کە ئازادی ئەنجامدانی تاوانی هەبێت و هەرگیز نابێت".

ئەرۆغان دەشڵێت"  بە دڵنیاییەوە ڕێگە نادەین جەهەپە و لایەنگرانی نەزمی گشتی تێکبدەن و لە ڕێگەی ئیستفزازیەوە ئارامی میللەتەکەمان تێکبدەن و ڕێ بە هیچ هەوڵێک بۆ دروستکردنی دیواری نوێی ناتەبایی لە نێوان 85 ملیۆن کەسدا".

ئەردۆغان جەخت لەوەدەکاتەوە کە  برایەتی و پێکەوەژیانی عەلەوی لەگەڵ سووننی، کورد لەگەڵ تورک، لاز لەگەڵ چەرکەس لەسەر ئەم خاکە بەردەوام دەبێت و یەک دەبن، پێکەوە دەبن، یەکگرتوو و زیندوو دەبن.

ئەمە لە کاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ دادگای ئیستانبۆڵ بە تاوانی گەندەڵی و وەرگرتنی بەرتیل، بڕیاری زیندانیکردنی بۆ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ دەرکرد.

هەر بەهۆی خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکانی ئاڵۆییەکانی دوای دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو، لە 48 کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر زیاتر لە 650 خۆپیشاندەر دەستگیرکراون، هاوکات بڕیاری قەدەغەی خۆپیشاندان و هەموو جۆرە چالاکییەک لە ئیستانبۆڵ تاوەکوو 27ی ئەم مانگە درێژکراوەتەوە.


2025-03-23
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.