نها نیوز – هەواڵەکان
پارتی گەلی کۆماریخوازی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی تورکیا داوای ناڕەزایەتی زیاتر لە ئیستانبوڵ دەکات، بەهۆی ئەوەی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئەو شارە لە دەستبەسەریدا ماوەتەوە.
ئیمام ئۆغڵو، نەیارێکی دیاری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیایە، کە ڕۆژی چوارشەممە بە تۆمەتی "گەندەڵی و تیرۆر" دەستگیرکرا.
سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بە نیازە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆکایەتیدا ئیمام ئۆغڵو کاندید بکات.
دوای دەستگیرکردنەکەی بازاڕە داراییەکانی تورکیا دابەزینیان بەخۆوە بینی، شرۆڤەکاران دەڵێن، ئاماژەیە بۆ نیگەرانی جددی وەبەرهێنەران و دەڵێن، "ئەو هەنگاوە پاڵنەری سیاسی بووە".
وتەبێژی پارتەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، بڕیارە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێبەری پارتی کۆماریخوازی گەل جەهەپە کە ئیمام ئۆغڵو سەر بە حزبەکەیە، لە دەرەوەی بینای شارەوانی ئیستەنبوڵ قسە بۆ لایەنگرانی بکات.
هەروەها خوێندکارانی زانکۆ پلانیان داناوە خۆپیشاندان لە گەورەترین شاری تورکیا ئەنجام بدەن.
پارێزگاری ئیستەنبوڵ هەموو گردبوونەوە و خۆپیشاندانەکانی تا یەکشەممەی داهاتوو قەدەغە کردووە، هەروەها دەسەڵاتداران هەموو پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیایان سنووردار کردووە.
هێشتا سەرەتای پێنجشەممەیە دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت و پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا خاو بووەتەوە.
ئەم هەنگاوە دەتوانێت پلانەکانی ئیمام ئۆغڵو بۆ تەحەدای ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2028 لە ڕێڕەو دەربهێنێت، چونکە چەند ڕۆژێک پێش ئەوەی بە فەرمی وەک کاندیدی پارتی کۆماریخوازی جەهەپە کاندید بکرێت.
ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، زانکۆی ئیستەنبوڵ بڕوانامەی ئیمام ئۆغلوی پووچەڵ کردەوە، ئەمەش ئاستەنگێکی دیکەی بۆ ئەو داوایە زیاد کرد، بەو پێیەی دەستووری تورکیا داوا دەکات هەر کاندیدێکی سەرۆکایەتی تورکیا بڕوانامەی خوێندنی باڵای هەبێت.
ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، سەرەڕای سەرمای تاڵ، چەند هەزار کەس لە بەردەم بینای شارەوانی کۆبوونەوە و ئاڵای تورکیایان هەڵکرد، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دەستبەسەرکردنی ئیمامئۆغڵو.