نها نیوز – هەواڵەکان
بەرپرسێکی ئەمریکی و دوو سەرچاوەی ئاگادار ئاشکرایانکردووە، ترەمپ لە نامەكەیدا دوو مانگی مۆڵەت داوە بە تاران ئەگەر دانوستان رەتبكاتەوە بەرنامە ئەتۆمییەكەی روبەڕوی هێرش دەبێتەوە.
پێگەی "ئەكسسیۆس"ی ئەمریكی بڵاویكردەوە، بەرپرسێکی ئەمریکی و دوو سەرچاوەی ئاگادار رایانگەیاندووە "نامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا بۆ عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێران، وادەی دوو مانگی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی لەخۆگرتووە".
بەوتەی سەرچاوەکان "پەیامی ترەمپ بۆ خامنەیی توند بووە، لەلایەک پێشنیاری دانوستاندن بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی نوێ کردووە، بەڵام هۆشداریی داوە لە دەرئەنجامەکانی ئەوەی ئێران ئەو پێشنیازە رەتبکاتەوە و بەردەوام بێت لە بەرنامە ئەتۆمیەکەی".
دوو سەرچاوەکە ئاماژەیان بەوەشداوە، ترەمپ لە نامەکەدا باسی لەوەکردووە، نایەوێت دانوستانی کراوە ئەنجام بدرێت و ئاماژەی بەدوا وادەی دوو مانگ کردووە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.
جێی باسە، دیارنییە ئایا ماوەی دوو مانگەکە لەکاتی گەیاندنی نامەکەوە دەستپێدەکات یان لەکاتی دەستپێکردنی دانوستانەکانەوە، بەڵام ئەگەر ئێران دەستپێشخەرییەکەی ترەمپ رەتبکاتەوە و دانوستان نەکات، ئەوا ئەگەری هەنگاوی سەربازی ئەمریکا یان ئیسرائیل لە دژی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
ئەوەش لەکاتێکدایە، دوو هەفتە لەمەوبەر ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماریا بارتیرۆمۆ، لە کەناڵی "فۆکس نیوز" ئاشکرای کرد، نامەیەکی بۆ رابەری ئێران ناردووە و پێشنیاری دانوستانی راستەوخۆی کردووە، رۆژی دواتر ترەمپ رایگەیاند، ئەمریکا "لە ساتەکانی کۆتاییدایە" لەگەڵ ئێران.
وتیشی "ناتوانین رێگەیان پێبدەین خاوەنی چەکی ئەتۆمی بن، زۆر بەزوویی شتێک روودەدات، من رێککەوتنی ئاشتیم پێ باشترە لە بژاردەکەی دیکە، بەڵام ئەم بژاردەیە کێشەکە چارەسەر دەکات".