نها نیوز - هەواڵەکان
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی تورکیاوە، ئاشکرایکردووە، ئەنقەرە "گەشبینە" سەبارەت بەو ڕێککەوتنەی لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات بە سەرۆکایەتی کورد، کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت و حکومەتی نوێی سووریا ئەنجامدراوە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنقەرە دەیەوێت سەرەتا بزانێت ڕێککەوتنەکە چۆن جێبەجێ دەکرێت.
ئەو بەرپرسە بە ئاژانسی ڕۆیتەرز-ی ڕاگەیاندووە، ڕێککەوتنەکە هیچ گۆڕانکارییەکی لە ئیرادەی تورکیا بۆ "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" نەکردووە، هەروەها ئەنقەرە "لەسەر داواکارییەکەی، کە بریتییە لە هەڵوەشاندنەوە و چەکداماڵینی یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد سوورە"، کە سەرکردایەتی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکات و لەلایەن تورکیەوە بە "رێکخراوی تیرۆریستی" دادەنرێت.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دوێنێ دووشەممە، ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا و مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، ڕێککەوتنێکیان واژۆکرد، کە تێیدا مەرجی "یەکگرتنەوە"ی سەرجەم دامودەزگا مەدەنی و سەربازییەکانی سەر بە خۆبەڕێوەبەریی کوردی لە چوارچێوەی دەوڵەتی سووریا، وەک بەشێک لە هەوڵەکانی دەسەڵاتی نوێ بۆ چەسپاندنی شەرعیەتی خۆی لەو وڵاتەدا.
ڕێککەوتنەکە لە هەشت ماددە پێکهاتووە، بڕیارە لیژنە هاوبەشەکان کار لەسەر تەواوکردنی جێبەجێکردنی بکەن پێش کۆتایی ساڵ.
سەرۆکایەتی کۆماری سووریا ڕۆژی دووشەممە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە واژۆی هەردوو لایەنی لەسەرە و تیایدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕێککەوتوون لەسەر "یەکخستنی سەرجەم دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ ئیدارەی دەوڵەتی سووریا، لەوانە دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتییەکان و گازییەکان".
هەروەها لە ڕێککەوتنەکەدا "پاڵپشتیکردنی دەوڵەتی سووریا لە شەڕی دژی پاشماوەکانی ئەسەد و هەموو هەڕەشەکانی سەر ئاسایش و یەکڕیزی وڵاتەکەی" خراوەتەڕوو.
دواتر عەبدی لە پۆستێکیدا لەسەر پلاتفۆرمی "X" ڕایگەیاند "رێککەوتنەکە دەرفەتێکی ڕاستەقینەیە بۆ بنیاتنانی سووریایەکی نوێ کە هەموو پێکهاتەکانی لە باوەش بگرێت و دراوسێیەتییەکی باش مسۆگەر بکات"، ئاماژەی بەوەشکرد، "لەم قۆناغە هەستیارەدا پێکەوە کاردەکەین بۆ دەستەبەرکردنی قۆناغێکی ئینتقالی کە ڕەنگدانەوەی خواستەکانی گەلەکەمان بێت بۆ دادپەروەری و سەقامگیری".
خۆبەڕێوەبەریی کورد کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت، ناوچەگەلێکی بەرفراوان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کۆنترۆڵ دەکات، لەوانە گرنگترین کێڵگە نەوتی و گازییەکان. هێزەکانی سووریای دیموکرات کە قۆڵی سەربازییە، سەرکردایەتی شەڕی داعشیان کرد و توانیان لە ساڵی 2019دا لە دوایین مۆڵگەکانی لەو وڵاتە دەربکەن.
هەروەها ڕێککەوتنەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە "کۆمەڵگەی کورد پێکهاتەیەکی ڕەسەنە لە دەوڵەتی سووریادا"، کە "مافی هاووڵاتیبوون و هەموو مافە دەستوورییەکانی خۆی مسۆگەر دەکات". هەروەها جەخت لەسەر "دەستەبەرکردنی مافی هەموو سوورییەکان بۆ نوێنەرایەتیکردن و بەشداریکردن لە ژیانی سیاسی و هەموو دامودەزگاکانی دەوڵەت"دا دەکاتەوە، جگە لە "ڕەتکردنەوەی بانگەوازەکانی دابەشبوون، قسەی ڕقاوی و هەوڵدان بۆ چاندنی ناتەبایی لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریادا".