جیهان

شەرع بڕیاری کۆتایی لەسەر تائیفەی عەلەوییەکان دا و هەڕەشەی قورس دەکات

نها نیوز - هەواڵەکان 
 
سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سوریا بڕیاری کۆتایی لەسەر پاشماوەکانی ئەسەد دەدات و وێڕای ئەوەی کە لێپرسینەوە لەگەڵ هەموو ئەو کەسانە دەکەن کە تۆمەتبارن بە ڕشتنی خوێنی هاوڵاتییانی سڤیل، دەشڵێت "جگە لە خۆڕادەستکردن هیچ بژاردەیەکی دیکە بۆ پاشماوەکانی ئەسەد نییە".

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سووریا، لەمیانەی پێشکەشکردنی گوتارێکدا وتی "لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکانی سوریا پێکدەهێنین و تاوانباران سزا دەدەین، ئامانجی ئێمە ئاشتی و سەقامگیریی وڵاتەکەیە".

وتیشی "وڵاتەکەمان رووبەڕووی مەترسی پاشماوەکانی ئەسەد بووەتەوە و هەموو هەوڵێک دەدەین کۆتایی بەو ئاڵۆزییانە بهێنین".

شەرع لەوتارەکەیدا ئاماژەی بەوەشداوە "هیچ بژاردەیەک بۆ پاشماوەکانی ئەسەد لە وڵاتەکەدا نەماوە، ناچارن بێن دەستبەجێ خۆیان رادەست بکەن". هاوکات جەختی لەوەشکردەوە، سوریا پەلکێشی نێو شەڕی ناوخۆیی نابێت.

سەرۆکی قۆناغی راگوزارەی لێپرسینەوە لە هەموو ئەو کەسانە دەکەن کە تۆمەتبارن بەرشتنی خوێنی هاوڵاتییانی سڤیل. ئەحمەد شەرع سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، "رێگە نادەن هیچ هێزێکی دەرەکی سوریا پەلکێشی شەڕی ناوخۆیی بکات".

راشیگەیاند "هەر بانگەوازێک بۆ بڵاوکردنەوەی فیتنە لە سوریا بە تاوان دەزانین و بکەرانی ئەو کارە بە توندترین شێوە سزا دەدەین". لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەشکرد، پەیوەندی بە گەلەکەمان لە کەناراوەکانی سوریا دەکەین و گوێ بۆ داواکارییەکانیان دەگرین.

جێی ئاماژەیە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی ئاداری 2025، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی رووبەڕووبوونەوەکەی کەناراوەکانی سوریا هەزار کەسی تێپەڕاند.

ئەوەش لەکتێکدایە، پێنجشەممە 6ـی ئاداری 2025، لە لازقییە شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی حکومەتی نوێ سوریا و لایەنگرانی رژێمی پێشووی ئەسەد روویدا.
 
2025-03-09
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.