نها نیوز-هەواڵەکان
لە ژێر ڕۆشنایی ئەو پێکدادانە خوێناوییانەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە کەناراوەکانی سووریا ڕوویاندا، ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سووریا بانگەوازی خۆی بۆ پاراستنی ئاشتی مەدەنی نوێکردەوە.
لە وتارێکی کورتدا کە لە مزگەوتی ئەلئەکرەم لە ناوچەی مەززە لە دیمەشق پێشکەشی کرد، بەرەبەیانی زووی یەکشەممە داوای پاراستنی ئاشتی مەدەنی و یەکێتی نەتەوەیی کرد.
جەختی لەوە کردەوە کە قەیرانی ئێستا "بە سەلامەتی تێپەڕیوە"، و هیچ ترسێک بۆ سووریا نییە.
ناوبراو داوای لە سوورییەکان کرد کە "دڵنیا بن لەوەی وڵاتەکە ئارامە "، دەشڵێت،"ئێمە توانای ئەوەمان هەیە لەم وڵاتەدا پێکەوە بژین".
شەرع ڕوونی کردەوە کە ئەوەی لە کەناراوەکاندا ڕوویدا "لە چوارچێوەی تەحەددای چاوەڕوانکراودا بووە"، بە ئاماژەدان بە هەوڵەکانی "پاشماوەکانی ڕژێم" بۆ بڵاوکردنەوەی ناتەبایی و سەرلێشێواوی.
هەروەها جەختیشی لەوە کردەوە کە 90%ی ئەو ناوچانە بوونەتە پارێزراو، دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان کۆنتڕۆڵی خۆیان درێژ کردەوە.
لە پێنجشەممەی ڕابردووەوە گرژی و پێکدادانەکان لە چەند ناوچەیەک لە کەناراوەکانی سووریا کە زۆرینەی مەزهەبی عەلەوییەکان تێیدا نیشتەجێن، هەڵگیرساندووە.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، "لە ڕۆژی پێنجشەممەوە زیاتر لە 700 هاوڵاتی مەدەنی عەلەوی کوژراون"، بەمەش ژمارەی کوژراوانی ئەو توندوتیژییانە بۆ زیاتر لە 1018 کەس بەرزبووەتەوە، کە 273 کەسیان ئەندامی هێزە ئەمنییەکان و چەکدارەکانی دڵسۆزی بەشار ئەسەد سەرۆکی پێشوون، یان ئەوانەی وەک پاشماوەکانی ڕژێم وەسفکراون.