جیهان

خامنەیی وەڵامی ترەمپ دەداتەوە: تاران لەژێر گوشاری هیچ "وڵاتێک" دانوستان ناکات

نها نیوز-هەواڵەکان

ڕۆژێک دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، نامەیەکی بۆ باڵاترین دەسەڵاتی ئێران ناردووە بۆ دانوستان لەسەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئەمڕۆ عەلی خامنەیی وەڵامی دایەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 8ـی ئازاری، 2025، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند: "تاران لەژێر گوشاری هیچ "وڵاتێک" دانوستان ناکات، ئەوەش ڕۆژێک دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، نامەیەکی بۆ باڵاترین دەسەڵاتی ئەو وڵاتە ناردووە بۆ دانوستان لەسەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی.

دۆناڵد ترەمپ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کۆمپانیای فۆکس بزنس ڕایگەیاند، دەیەوێت دانوستان لەسەر ڕێککەوتنی بەرنامەی چەکی ئەتۆمی ئێران بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوێنێ پێنجشەممە، نامەیەکی بۆ ڕێبەری ئێران ناردووە بۆ دانوستان لەسەر ڕێککەوتن و هیوای خۆی دەربڕی بۆ دانوستان سەبارەت بە بەرنامەی چەکی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران.

لە وەڵامدا خامنەیی وتی: "تاران هەرگیز داواکارییەکان بۆ سنووردارکردنی بەرنامە مووشەکییەکەی قبوڵ ناکات، هەندێک وڵاتی چەوسێنەر پێداگری لەسەر دانوستان دەکەن بۆ سەپاندنی داواکارییەکانیان و چارەسەرنەکردنی کێشەکان".

ناوبراو درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: "هەندێک لە حکومەتە خۆبەزلزانەکان پێداگری لەسەر دانوستان دەکەن. ئامانجی گفتوگۆکانیان بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان نییە بەڵکو پیلانگێڕی و سەپاندنی چاوەڕوانییەکانیانە".

ئەوەش لە کاتێکدایە بلومبێرگ ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ڕووسیا ڕەزامەندی دەربڕیوە بۆ یارمەتیدانی ئیدارەی ترەمپ لە پەیوەندی لەگەڵ ئێران سەبارەت بە پرسگەلێکی جۆربەجۆر لەوانە پرۆگرامی ئەتۆمی تاران و پاڵپشتیکردنی لە بریکارەکانی دژە ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

2025-03-08
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.