میدیا ئیسرائیلییەکان پێشبینی ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر ئازەربایجان دەکەن
نهانیوز-هەواڵەکان
ڕۆژنامەی ئیسرائیل هایۆم لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی هێرشی سەرتاسەری ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران پێویستی بە هاوکاریی ئەمریکا و ئامادەکارییەکی بەرفراوانی ناوچەیی دەبێت و لە ئەگەری هێرشێکی لەو شێوەیەدا ڕەنگە کۆماری ئیسلامی کۆماری ئازەربایجان بکاتە ئامانج.
لە کاتێکدا زۆهار پاڵتی، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسی-سەربازی وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل و بەڕێوەبەری پێشووی هەواڵگریی مۆساد، پێشتر لە چاوپێکەوتنێکدا باسی لە توانای ئەمریکا کردبوو بۆ لەناوبردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە ماوەی هەشت کاتژمێردا، ئیسرائیل هایۆم بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئەمریکی نووسیویەتی ئەم خەمڵاندنە "زۆر گەشبینانە".
ڕاپۆرتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەگەر هەشت کاتژمێریش بەس بێت بۆ ئەمریکا، ئەوا هێزی ئاسمانی ئیسرائیل پێویستی بە کاتێکی زیاترە.
لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ڕاپۆرتی جۆراوجۆر سەبارەت بە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بڵاوکراونەتەوە و بەرپرسانی ئەو وڵاتەش چەندین جار لەو بارەوە قسەیان کردووە. هاوکات ئەمریکا و ئیسرائیل مانۆڕی هاوبەشیان ئەنجامدا.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕۆژی پێنجشەممە 6ی ئادار ڕایگەیاند، لە سێیەمین ئۆپەراسیۆنی خۆیدا لە دوو هەفتەی ڕابردوودا، کە ڕۆژی سێشەممە ئەنجامدرا، ئەرکێکی ستراتیژی بۆمبڕێژکراویان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەنجامداوە.
هەفتەیەک لەمەوبەر ڕۆژنامەی ئیسڕائیل هایۆم لە ڕاپۆرتێکدا نووسیبووی کە پرسگەلێکی وەک لاوازبوونی حیزبوڵڵای لوبنان، لەناوبردنی بەرگرییە ئاسمانییەکانی کۆماری ئیسلامی و هەماهەنگیی نێوان حکوومەتەکانی دۆناڵد ترەمپ و بنیامین ناتانیاهۆ، ئیسرائیلیان خستۆتە لێواری دەرفەتێکی زێڕین و بڕیارێکی چارەنووسساز بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
ڕاپۆرتەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، بەڵام ئەگەری هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ڕووی قەبارەی فڕۆکە و چەکەکانی بەکارهێنراو و هەروەها ئەو هەماهەنگییە ئاڵۆزەی کە پێویستە لە نێوان ئیسرائیل و قەوارە بیانییەکاندا، "زۆر ئاڵۆز" دەبێت.
ئیسرائیل ها یۆم لە ڕاپۆرتە نوێیەکەیدا بە ئاماژەدان بە بڵاوبوونەوەی ژێرخانی ئەتۆمی ئێران لە سەرتاسەری وڵاتدا بە ژێرزەمینیشەوە، سیناریۆیەکی هاوشێوەی هێرشی سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی عێراق لە ساڵی 1981 یان هێرش بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی سوریا لە ساڵی 2007 بە مەحاڵ زانی و جەختی لەوە کردەوە کە بۆ ئەنجامدانی ئەم هێرشە فڕۆکەی زیاتر و چەندین شەپۆلی هێرشی پێویست دەبێت.
ڕاپۆرتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەنجامدانی ئەم ئۆپەراسیۆنە پێویستی بە ئامادەکارییەکی بەرفراوانی ناوچەیی هەیە و ناتوانرێت ئەو پرسە بشاردرێتەوە.
بە پێی ئەو بڵاوکراوەیە، لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل، ڕەنگە کۆماری ئیسلامی جگە لە هێرشکردنە سەر ئەم وڵاتە، هێرش بکاتە سەر کۆماری ئازەربایجان و بڵێسەی شەڕ لە ناوچەکەدا هەڵگیرسێنێت.
|