نها نیوز – هەواڵەکان
وەزیری دەرەوەی ئێران پەیامێکی توند ئاڕاستەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەکات دەڵێت کە دانوستان لەژێر زۆرترین فشاردا ناكەن، لەبەرامبەردا ترەمپ رایدەگەیەنێت "نامەوێت ئازاری ئێران بدەم، ئێرانیەكان خەڵكێكی مەزنن، من زۆرێك لە ئێرانیەكان دەناسم، سەركردایەتیەكان ناڵێم، خەڵكەکەی دەڵێم".
ئەمڕۆ هەینی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی "فرانس پرێس" رایدەگەیەنێت "بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەناونابرێت و هەر هێرشێکی ئیسرائیلیش بۆسەر ئێران، ئاگرێکی بەرفراوان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵدەگیرسێنێت".
عراقچی ئاماژە بەوەش دەکات، وڵاتەکەی دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەنجام نادات، تا ترەمپ درێژە بە سیاسەتی زۆرترین فشاری خۆی بدات".
جێی ئاماژەیە وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەراوێزی کۆبونەوەی رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە شاری (جەدە) وتی "ئێمە ناچینە ناو هیچ دانوستانێکی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا، تا ئەو کاتەی واشنتۆن درێژە بە سیاسەتی زۆرترین فشار و هەڕەشەی خۆی بدات".
وتیشی "بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەناو ناچێت، ئەمە تەکنۆلۆژیایەکە کە بەدەستمان هێناوە، تەکنۆلۆژیاش لە مێشکدایە و ناتوانرێت بۆردومان بکرێت".
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی نوێی ئەمریکا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "فۆكس بزنس رایگەیاند "دوو ڕێگا هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران، یان لە رووی سەربازییەوە یان ئەنجامدانی رێککەوتن، پێم باشە رێككەوتنێك بکەم، چونکە نامەوێت ئازاری ئێران بدەم، ئێرانیەكان خەڵكێكی مەزن، من زۆرێك لە ئێرانیەكان دەناسم، سەركردایەتیەكان ناڵێم، خەڵكەی دەڵێم".
راشیگەیاند "دەستێوەردانی سەربازی بۆ ئەوان ترسناک دەبێت، ئێران نابێت چەکی ئەتۆمی هەبێت، دوێنی پەیامم بۆ ئێران نارد کە دەمەوێت رێككەوتن بکەم دەتوانین دانوستان لەسەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران بکەین، کە ببێتە سەرکەوتنێکی سەربازی بۆ ئێمە".