هۆکاری بنەڕەتی هەڵگیرسانی شەڕی عەلەویی و هێزەکەی شەرع ئاشکراکرا
نها نیوز - هەواڵەکان
ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان هۆكاری گرژییەكەی کەناراوەکانی ساحلی سوریا لەنێوان هێزەکانی دیمەشق و عەلوەییەکان رادەگەیەنێت.
ئیدرەی خۆسەری لە هەرێمی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا ئاماژە بەوە دەکات، خەم و نیگەرانی خۆیان لە پەرەسەندنی گرژییەكان لە كەناراوەكانی "ساحل"ی سوریا لەنێوان هێزەكانی سەربە دەسەڵاتداران لە دیمەشق و گروپە سەربازییەكان نیشان دەدەن.
سەبارەت بە هۆکاری دروستبوونی ئەو گرژیەش خۆسەر ئاشکراشی دەکات "ئێمە لە ئیدارەی خۆسەر لەكاتێكدا نیگەرانین بەوەی لە ساحل روودەدات؛ ئاماژە بەوە دەكەین كە هۆكاری دروستبوونی ئەم گرژییە بریتییە لە خوێندنەوەی نادروست بۆ واقعی سوریا لەلایەن دەسەڵاتدارانی دیمەشق و لەبەرچاونەگرتنی هەستیاریی بارودۆخی سوریا و فرەچەشنی فرەیی پێكهاتەكانی".
راشیگەیاند "ئەم جۆرە لە پەرەسەندن وڵاتەكەمان بەرەو لێواری كەوتن دەبات و رەنگیشە هۆكار بێت بۆ ئەنجامدانی كۆمەڵكوژیی دژ بە گەلی سوریا".
ئیدارەی خۆسەر داواش لە هەموو لایەك دەکات "حیكمەت و دانبەخۆداگرتن بەكاربهێنن و ئەم پەرەسەندنە رابگرن كە كەلێنی نێوان هێزە نیشتمانییەكانی سوریا زیاتر دەكات و بەتەنیاش گەلی سوریا باجەكەی دەدات".
ئەوەش هاتووە "چەندینجار جەختمانكردووەتەوە لەوەی سوریا پێویستی بە دیالۆگێكی راستەقینەی نیشتمانی هەیە بۆ ئەوەی بە كەناری ئارام بگات، لەگەڵ چارەسەركردنی سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەنێوان هێزەكانی سوریادا".
هاوکات داواش لە "گەلی سوریا دەكەین شوێن ئەوانە نەكەون كە هەوڵدەدەن شەڕی ناوخۆیی لە وڵاتەكەماندا دروست بكەن، چونكە لەمەدا هەموومان دۆڕاو دەبین و دوژمنەكانمان دەیقۆزنەوە لەپێناو بەرژەندییەكانی خۆیاندا".
|