جیهان

کرێملین: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ واشنتۆن لە ڕێگەی کەناڵە جیاوازەکانەوە بەڕێوەدەچن

نها نیوز – هەواڵەکان

دوای چەند کاتژمێرێک لەوەی کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین هاوتا ڕووسییەکەی کردووە، کرێملین نایەوێت پشتڕاستی بکاتەوە یان ڕەتیبکاتەوە.

دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی پوتین ڕۆژی یەکشەممە وتی: "ناتوانین ئەو هەواڵانە پشتڕاست بکەینەوە یان ڕەتی بکەینەوە کە باس لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان پوتین و ترەمپ دەکەن".

ئاماژەی بەوەشکردووە، پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتۆن لە ڕێگەی کەناڵە جیاوازەکانەوە بەڕێوەدەچێت، بەپێی ئەوەی لەلایەن دەزگای تاسەوە بڵاوکراوەتەوە.

ترەمپ، پێشتر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەیەکی ئەمریکیدا ڕوونی کردبووەوە کە پەیوەندی بە هاوتا ڕووسییەکەیەوە کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر شەڕی ئۆکرانیا. جەختیشی لەوە کردەوە، کە پەیوەندییەکان لەگەڵ پوتین هەمیشە باش بووە.

بەوتەی ترەمپ، پوتین "نایەوێت ببینێت مرۆڤەکان بمرن"، وەک خۆی دەڵێت.

پێشتر چەندین جار ڕایگەیاندبوو، کە پلانێکی کۆنکرێتی هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر ئاشکرا بکات.

هاوکات، پێسکۆڤ لە کۆتایی مانگی یەکدا ڕایگەیاند، پوتین ئامادەیە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ترەمپ بکات، ئاماژەی بەوەشکرد کە مۆسکۆ چاوەڕێی قسەی واشنتۆن دەکات کە ئەویش ئامادەیە.

لە کاتێکدا سەرۆکی کرێملین، دوای ماوەیەکی کەم لە هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا چەند مانگێک لەمەوبەر بە ڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە پەیوەندیکردن بە ترەمپەوە هەڵە نابێت.

جێگای سەرنجە کە ترەمپ زیاتر لە جارێک لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا پشتڕاستی کردبووەوە کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ پوتین باشن، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەگەر ئەو سەرۆک بوایە، شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا سەرهەڵنەدەدا.

2025-02-09
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.