جیهان

بلومبێرگ: پلانەکەی ترەمپ بۆ غەززە "پێکەنیناوییە"

نها نیوز – هەواڵەکان

دوایی ئەوەی ترامپ پێشنیاری کرد کە ئەمریکا بەڕێوەبردنی کەرتی وێرانکراوی غەززە بگرێتە ئەستۆ و دانیشتوانەکەی بگوازێتەوە بۆ وڵاتانی دیکە، بۆ ئەوەی ناوچەکە ئاوەدان بکاتەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بووەوە.

پێگەی بلومبێرگ ڕایگەیاندووە، پلانەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی کەرتی غەززە پێچەوانەی واقیعی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مێژووی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا، هەروەها "پێکەنیناوییە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم پێشنیازە پێچەوانەی واقیعی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مێژووی دەستێوەردانەکانی ئەمریکایە و هەر زوو لەگەڵ دژایەتییەکی توندی وڵاتانی عەرەبی بەرەوڕوو بووەوە.

هاوکات، کریس ڤان هۆلن، سیناتۆری دیموکراتەکانی ئەمریکا، لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، پێشنیازی ترەمپی بە "پاکسازی نەتەوەیی بە ناوێکی دیکە" ناوبرد.

سەرەڕای ڕەخنەکان، ترەمپ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بەردەوام بوو لە فراوانکردنی دیدگاکەی و باسی لە ڕووخاندنی کەرتی غەززە کرد بۆ سەر زەوی و دواتر بەکرێگرتنی هەزاران کەس بۆ ئاوەدانکردنەوەی.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بنیامین ناتانیاهۆ، کە لە نزیکەوە وەستابوو، لە هەندێک کاتدا بە سەرلێشێواوی دەرکەوتووە، بەڵام هیچ دژایەتییەکی دەرنەبڕیوە.

ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوەکانەوە بڵاویکردووەتەوە، "تەنها چەند کەسێک پێش لێدوانەکانی ترەمپ ئاگاداری ئەو پێشنیازە بوون".

ئوردن و ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی و دەسەڵاتی فەلەستین و کۆمکاری عەرەبی دژی بیرۆکەی ترەمپ وەستاونەتەوە، بەڵام ترەمپ باوەڕی خۆی دەربڕی کە دوو وڵات لە کاتێکی دواتردا ئەو پێشنیازە قبوڵ بکەن.

خالد ئێلگێندی، زانای سەردانکەر لە سەنتەری توێژینەوەی عەرەبی هاوچەرخ لە زانکۆی جۆرج تاون لە لێدوانێکدا لەسەر بڕیارەکە، وتی: "ترەمپ زیاتر لە گەشەپێدەرێکی خانووبەرە دەچێت نەک وەک سەرۆکێک".

دەشڵێت، "ڕوونە کە ترەمپ لەگەڵ هیچ فەلەستینییەک قسەی نەکردووە سەبارەت بە وروژاندنی ئەو بیرۆکانە".

2کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.