جیهان

میدیاکانی ئەمریکا: ترەمپ یاریدەدەرەکانی ڕاسپاردووە بۆ پەیوەندی لەگەڵ پوتین

نها نیوز – هەواڵەکان

بەپێی هەواڵێکی کەناڵی سی ئێن ئێن، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، یاریدەدەرەکانی ڕاسپاردووە، خۆیان بۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا ئامادە بکەن، ئەمەش دوای چەند ڕۆژێک لە دەستبەکاربوونی کە بڕیاربوو ڕۆژی دووشەممە بەڕێوەبچێت.

سی ئێن ئێن لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردووەتەوە، گفتوگۆکە لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی شەخسی نێوان هەردوو سەرکردە لە چەند مانگی داهاتوودا دەبێت، بە ئامانجی هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا ڕوون نییە کە ئایا وادەیەک بۆ گفتوگۆکە دیاری کراوە یان نا.

سێشەممەی ڕابردوو، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا ڕایگەیاند، دوای دەستبەکاربوونی "زۆر بەخێرایی" چاوی بە سەرۆکی ڕووسیا دەکەوێت.

تا ئێستا هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوەکە دیاری نەکراوە، کە یەکەم کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکەکانی هەردوو وڵات دەبێت لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ڕووسیا لەگەڵ ئۆکرانیا لە شوباتی 2022.

دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکیدا بۆ نیوزماکس، کاتێک پرسیاری لەبارەی ستراتیژی کۆتایی هێنان بە جەنگ وتی: "تەنها یەک ستراتیژی هەیە و بڕیاردان لەسەر پوتین، منیش بە خەیاڵمدا نایەت کە زۆر دڵخۆش بێت بەو شێوازەی کە دەڕوات، چونکە بۆ ئەویش باش نابێت".

پێشتر مایک واڵتز، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کە وەک ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی کاردەکات، ڕایگەیاندبوو کە پێشبینی دەکات لە "ڕۆژان و هەفتەکانی داهاتوودا" پەیوەندی نێوان ترەمپ و پوتین ئەنجامبدرێت.

لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، دەیان هەزار کوژراو و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەسی لێکەوتەوە و گەورەترین درز لە پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و ڕۆژئاوای لەدوای قەیرانی مووشەکی کوبا لە ساڵی 1962ەوە لێکەوتەوە.

2025-01-20
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.