جیهان

ڕۆژێک دوای ئاگربەست زیاتر لە 630 بارهەڵگر بە هاوکاریەوە چوونەتە ناو غەززە

نها نیوز – هەواڵەکان

یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی ڕایگەیاند، زیاتر لە 630 بارهەڵگر بە هاوکاری مرۆیی چوونەتە ناو کەرتی غەززە، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس.

تۆم فلێچەر، یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پۆستێکیدا لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای ئێکس، ئاماژەی بەوەکردووە، ڕۆژی یەکشەممە زیاتر لە 630 بارهەڵگر چوونەتە ناو غەززە، کە لانیکەم 300 یان هاوکاری مرۆیییان هەڵگرتووە و گەیشتوونەتە بەشی باکووری ستریپ.

فلێچەر دەڵێت: "کات نییە بۆ بەفیڕۆدان، لە دوای 15 مانگ لە شەڕی بەردەوام، پێداویستییە مرۆییەکان زۆر گەورەن".

لای خۆیەوە بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، کە هەوڵدەدات خۆراک بۆ زۆرترین ژمارەی دانیشتوانی کەرتی غەززە دابین بکات دوای کردنەوەی دەروازەکان بەپێی ڕێککەوتنی ئاگربەست کە ڕۆژی یەکشەممە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

کارل سکاو، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامەی خۆراکی جیهانی بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە، "هەوڵدەدەین بە زووترین کات بگەینە یەک ملیۆن کەس".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە ئارد و ژەمە ئامادەکراوەکان دابین دەکەین و لە هەموو بەرەکاندا کاردەکەین بۆ دووبارە دابینکردنەوەی نانەواخانەکان و تەواوکەری خۆراکی بۆ ئەو منداڵانە دابین دەکەین کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی بەدخۆراکییەوە".

بە پێ ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە، لە قۆناغی یەکەمدا، زیادکردنی هاوکارییە مرۆییەکانە بۆ ئەو کەرتە دیاریکراوە، دوای ئەوەی بۆ ماوەی 15 مانگ ڕووبەڕووی بۆردومانی توندی ئیسرائیل بووەوە.

سکاو ڕوونیشیکردەوە، "لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە ڕۆژانە 600 بارهەڵگر دەچنە ژوورەوە، منیش پێموایە بەشی یەکەمی ئەم هاوکارییە مرۆیی دەبێت، هەموو دەروازەکان کراوە دەبن".

ناوبراو دەشڵێت: "پلانمان هەیە ڕۆژانە 150 بارهەڵگر بنێرین بۆ ماوەی لانیکەم 20 ڕۆژ، دەتوانین زیاتریش دابین بکەین".

وتیشی: "یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی ئێمە" دابینکردنی نانە بۆ دەیان هەزار کەس ڕۆژانە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرنامەی خۆراکی جیهانیش دەیەوێت "بە زووترین کات کەرتی تایبەت بەشداری بکات".

بەرنامەکە پشتڕاستی کردەوە کە خۆراکی ئەوتۆی لە نزیک کەرتی غەززە هەڵگرتووە کە دەتوانێت زیاتر لە یەک ملیۆن کەس بۆ ماوەی سێ مانگ خۆراکی بداتێ.

هاوکات، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژی یەکشەممە ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ زیادکردنی دەستبەجێ یارمەتییەکانی بۆ غەززە، بە مەرجێک گەرەنتی دەستڕاگەیشتن بە هەموو دانیشتووانی فەلەستینی لە سەرانسەری کەرتی غەززە وەربگرێت، کە ژێرخانی تەندروستی تا ڕادەیەکی زۆر لەناوچووە یان زیانێکی زۆری پێگەیشتووە.

ڕێکخراوەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "زۆر گرنگە بەربەستە ئەمنییەکان لەبەردەم ئۆپەراسیۆنەکاندا لاببرێن" و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش پێویستی بە "مەرجێکی مەیدانی دەبێت کە ڕێگە بە گەیشتن بە دانیشتوانی غەززە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک بدات، ڕۆیشتنی یارمەتییەکان لە سنوورەکان و هەموو ڕێگا تێپەڕبووەکان و هەڵگرتنی سنووردارکردنەکانی چوونە ژوورەوەی بەرهەمە سەرەکییەکان بۆ ناوەوە".

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هەفتەی ڕابردوو مەزەندەی کرد کە "زیاتر لە 10 ملیار دۆلار" پێویستە بۆ نۆژەنکردنەوەی سیستەمی تەندروستی غەززە.

2025-01-20
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.