نها نیوز - هەواڵەکان
ئەو ئاگرەی کە لە ویلایەتی کالیفۆرنیا و بە تایبەتی لە ناوچەی لۆس ئەنجلۆس زیاتر لە 11 ڕۆژە بەردەوامە، بە گەورەترین ئاگرکەوتنەوە لە ویلایەتەکەدا لە ماوەی 40 ساڵدا مەزەندە دەکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی تاقیگەی سیلڤیس لە زانکۆی ویسکۆنسێن لە مادیسۆن - کە لەلایەن ئەسۆشێتد پرێسەوە بڵاوکراوەتەوە - ئەو وێرانکارییەی کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکانی ناوچەکانی پالیسایدس و ئیتۆن لە ناوچەی گەورەی کالیفۆرنیا بەجێی هێشتووە، گەورەترین وێرانکارییە لە ویلایەتەکەدا لە ناوەڕاستی -هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، لە ڕووی ناوچەی شارستانی وێرانبوو، بەهۆی کاریگەری ئەو بایە بەهێزانەی کە لە زەریای هێمنەوە دێن.
ئاگرکەوتنەوەکانی پالیسایدس و ئیتۆن نزیکەی 4.5 میل چوارگۆشە (10.36 کیلۆمەتر چوارگۆشە)ی شاری لۆس ئەنجلۆسی بەچڕی سووتاندووە، کە نزیکەی دوو هێندەی ئەو ناوچەیە کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوەی وولسی لە ساڵی 2018دا لەناوچەکەدا وێران بووە.
بەپێی دوایین ئاماری فەرمی، لانیکەم 25 کەس بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکەوە گیانیان لەدەستداوە کە بەرەبەیانی 7ـی 1 لە ناوچەی پاسیفیک پالیسایدز سەریهەڵدا و بە خێرایی بۆ ناوچەکانی دەوروبەری، بەتایبەتی ئیتۆن، هێرس، سەنسێت و وودلی بڵاوبووەتەوە.
بەرپرسان ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئاگرکەوتنەوەکانی ناوچەکانی پالیسادز و ئیتۆن تاڕادەیەکی زۆر کۆنترۆڵکراون، بەڵام مەترسی ئاگرکەوتنەوە نوێیەکان هێشتا بوونی هەیە.
زیانە ئابوورییەکانی ئاگرەکە تائێستا.
کۆی گشتی زیانە ئابوورییەکانی ئاگرکەوتنەوەکان لە نێوان 250 بۆ 275 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت. ئاگرکەوتنەوەکان زیاتر لە 12 هەزار دامەزراوە لەناوچوون و تەواوی گەڕەکەکانیش ڕوخاون.
هەروەها دەسەڵاتداران کارەبای زیاتر لە 77 هەزار ماڵی ناوچەکەیان پچڕاند، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئاگرەکە.
ئاگر لە ناوچە جیاجیاکانی شاری لۆس ئەنجلۆس کەوتەوە و بەهۆی بای بەهێزەوە تەشەنەی کرد و زیاتر لە 37 هەزار دۆنم زەوی سووتاوە.
پێگەی ئابووری کالیفۆرنیا.
کالیفۆرنیا پێگەیەکی ئابووری بەرچاوی هەیە لە ئەمریکا و جیهاندا گەورەترین ئابووری ئەمریکایە و بە تەنیا نزیکەی 15%ی بەرهەمی گشتی ناوخۆیی ئەمریکا پێکدەهێنێت.
ئەگەر کالیفۆرنیا وڵاتێکی سەربەخۆ بوایە ئەوا پێنجەم گەورەترین ئابووری جیهان دەبوو و لە وڵاتانی وەک بەریتانیا و هیندستان تێدەپەڕێت.
دیارترین کەرتە ئابوورییەکانی ویلایەتی کالیفۆرنیا:
تەکنەلۆژیا: دۆڵی سلیکۆن لە ویلایەتی کالیفۆرنیا ناوەندێکی جیهانییە بۆ پیشەسازی تەکنەلۆژیا، شوێنی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک ئەپڵ، گووگڵ و فەیسبووک.
کشتوکاڵ: کالیفۆرنیا پلەی یەکەمی بەرهەمهێنەری کشتوکاڵی ئەمریکایە، بەتایبەتی لە بەرهەمەکانی وەک بادەم، ترێ و شیرەمەنی.
کات بەسەربردن: هۆلیوود کە ناوەندی پیشەسازی فیلمی ئەمریکییە، پێشەنگە لە کەرتی کات بەسەربردن.
وزەی نوێبووەوە: یەکێکە لە گەورەترین ویلایەتەکان کە وەبەرهێنان لە وزەی خۆر و بادا دەکات.
بازرگانی نێودەوڵەتی: کالیفۆرنیا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە بازرگانی جیهانیدا، بەتایبەتی لە ڕێگەی بەندەرەکانی لۆس ئەنجلۆس و لۆنگ بیچەوە کە لە قەرەباڵغترین بەندەرەکانی ئەمریکان.