جیهان

وردەکاری نوێ سەبارەت بە هێرشەکەی سەر دادگای باڵا لە ئێران

نها نیوز - هەواڵەکان

دەسەڵاتی دادوەری ئێران وردەکاری نوێیان سەبارەت بەو هێرشە ئاشکرا کرد، کە دادوەرەکانی دادگای باڵای کردە ئامانج و بەوهۆیەوە چەندین کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی قەزایی ئێران لە بەیاننامەیەکدا هێرشبەرەکەی بە "دەستدرێژکار" وەسف کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە کە "کرێکارێکی خزمەتگوزاری توانی دەستی بەسەر چەکی یەکێک لە پاسەوانەکانی بیناکەدا بگرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، "دادوەرەکان محەمەد موغیسا و عەلی ڕازینی کە شارەزایان هەبوو لە بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکانی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی و سیخوڕی و تیرۆر، لە هێرشەکەدا کوژراون، و هەروەها دادوەر حسێن عەلی نایری بریندار بووە".

لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، ئاژانسی هەواڵی کرێکاریی ئێران لە زاری فەرماندەیەکی سەربازییەوە ڕایگەیاندووە، دوای ئەو ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییە، ژمارەیەک لە کارمەندانی کۆشکی داد بە پشتبەستن بە فەرمانی داواکاری گشتی دەستبەسەر کران.

بە وتەی ئاژانسەکە، هێرشبەرەکە "بە دەمانچە تەقەی لە دادوەرەکان کردووە و دواتر پێش ئەوەی دەستگیربکرێت کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

لە بەرامبەردا ئاژانسی هەواڵی تەسنیم ڕایگەیاندووە، هێرشبەرەکە ئەندامی "هێزی خزمەتگوزاریی قەزایی لە تاران" بووە، هاوکات گرتەیەکی ڤیدیۆیی گواستنەوەی تەرمی ئەو دوو دادوەرە و هێرشبەرەکە دەرکەوتووە.

لای خۆیەوە، ئەسغەر جەهانگیر، وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی ئێران ڕایگەیاند، محەمەد موغیسە و عەلی ڕەزینی، دوو دادوەری باڵای ئێرانن، "لە ژوورەکەی خۆیان بوون کاتێک لەلایەن دەستدرێژکارێکەوە تیرۆرکراون بە دەمانچە".

10کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.