جیهان

نزیکەی 300 میلیشیای تورکیا لە بەنداوی تەشرین کوژران

نها نیوز - هەواڵەکان

لەئامارێکدا روانگەی سوری راگەیاند، لەماوەی پێنج هەفتەدا لە بەنداوی تەشرین و پردی قەرەقۆزاق 292 چەکداری گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا کوژراون.

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ماوەی 36 رۆژە تورکیا بە بۆردومانی ئاسمانی و زەمینی پشتیوانی گرووپە هاوکارەکانی دەکات و دەیەوێت دەستبەسەر ناوچەی ستراتیژی بەنداوی تەشرین و پردی قەرەقۆزاقدا بگرێت.

ئەوەش هاتووە "تورکیا دەیەوێت بپەڕێتەوە بەری رۆژهەڵاتی فورات، بەڵام شەڕڤان و خەڵکی ناوچەکە نەیانهێشتووە تورکیا و گرووپەکانی ئامانجەکانیان بەدەستبێن".

سەبارەت بە ئاماری کوژراوانی گروپە چەکدارەکانی سەربە تورکیا روانگەی سوری ئاشکرایکردووە "زیاتر لە مانگێکە شەڕ و پێکدادانی توندی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و گرووپەکان لە دەوروبەری مەنبج و پردی قەرەقۆزاق و بەنداوی تشرین بەردەوامە و بەهۆیەوە 292 چەکداری گرووپەکانی تورکیا کوژراون و 73 شەڕڤانی هەسەدەش گیانیان لەدەستداوە و 36 هاوڵاتی مەدەنیش لەئەنجامی بۆردومانەکان کە ژن و منداڵیان تێدایە گیانیان لەدەستداوە".

روانگەکە ئاماژەی بەوەشداوە، سەرەڕای داواکارییەکان بۆ راگرتنی بۆردومانی تورکیا و هێرشی گرووپەکان، بەڵام تورکیا بەردەوامە و ئاڵۆزیی چاوەڕوان نەکراوی لە ناوچەکەدا دروستکردووە.
 
7کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.