جیهان

کاندیدێکی ترەمپ بەتوندی دژی تورکیا لە بەرژەوەندی هەسەدە دەوەستێتەوە

نها نیوز – هەواڵەکان

كاندیدی ترەمپ بۆ وەزیری دەرەوە رایدەگەیەنێت، پێویستە ئەو ئاماژەیە بەزوویی بدرێتە ئەردۆغان گواستنەوەی دەسەڵات لە ئەمریكا نەقۆزێتەوە "بۆ پێشێلكردنی رێككەوتنەكان و هێرشكردنە سەر كورد"، دەشڵێت "دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا ناناسین و مێژوویان دڵنیایمان پێنادات".

ماركۆ رۆبیۆ، كاندیدی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا بۆ پۆستی وەزیری دەرەوە، لەمیانی رونكردنەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لە چوار ساڵی داهاتوودا لە دانیشتنێكی كۆنگرێسی وڵاتەكەی، كاتێك لەلایەن كریس ڤان هۆلن، سیناتۆری كۆمارییەكانەوە پرسیاری ئەوەی لێكرا، وەك دەزانن هاوبەشە كوردەكانمان لە سوریا، هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)، نوكی رمی ئەمریكا بوون لە شەڕی داعش، ئێستاش توركیا لەڕێی سوپای نیشتمانی سوریاوە هێرشیان دەكاتە سەر، بەهۆی فشارەكانی ئیدارەی ئێستای ئەمریكاوە توركیا راگیراوە، ئایا پێتوایە ئێمە پێویستە بەردەوام بین لە هاوكاریكردنی هەسەدە لە ئایندەدا؟ رۆبیۆ لەوەڵامدا وتی "بەڵێ‌ بەدڵنیایی، نەك هەر ئەوەش، بەڵكو ئێمە پێویستە ئەوە بزانین دەستبەرداربونمان لە هاوبەشەكانمان كە قوربانییەكی گەورەیان داوە و رووبەڕووی هەڕەشەی گەورە بوونەتەوە، لێكەوتەی زۆر مەترسیداری دەبێت، ئەوانە بەكرداری چەكدارانی داعشیان بەندكردووە، یەكێك لەو هۆكارانەی وایكرد بتوانین داعش لەبەریەك هەڵبوەشێنین، ئامادەیی ئەوانبوو بیانگرنە خۆیان لە زیندانەكان لەبەرامبەر باجێكی گەورە، كە دروستبونی مەترسییە لەسەر ژیانیان، روونیشە كە هەڵوێستێكی لەوشێوەیە زۆر جێگەی سەرسامییە".

رۆبیۆ ئاماژە بەوەش دەکات، کە پێویستە وەڵامیان هەبێت بۆ ئەو دەرفەتە لە سوریا، چونكە "ئەو خەڵكانەی كە ئێستا بەرپرسیارێتیان لەدەستدایە لە سوریا تائێستا تاقیكردەوەیان تێنپەڕاندووە، ئەوانە كەسانێكن بە باشی نایانناسین، مێژوویان دڵنییمان پێنادات".

ناوبراو هەر بەئاماژەدان، دەشڵێت "راگرتنی ئاگربەست هەیە بەرامبەر بە كورد پێویستە پارێزگاری لێبكرێت، پێویستە بەزوویی ئەو ئاماژەیە بۆ ئەردۆغان بنێردرێت بەم دانیشتنەی ئێستاشەوە، كە نابێت پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات لە ویلایەتە یەكگرتووەكان بقۆزێتنەوە بۆ پێشێلكردنی رێككەوتنەكان".

كاندیدی ترەمپ بۆ وەزیری دەرەوە ئاشکراشیکرد "ئەوەی ئێستا دەمانەوێت لە سوریا بیبینین سەقامگیرییە، چونكە كاریگەری لەسەر تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت، كشانەوە دەرفەتێكە رەنگە دووبارە نەبێتەوە، روسەكان و ئێرانیەكان لە سوریا كرانە دەرەوە بەڵام ئەوان زۆر براگماتین، ئەگەر ئەو دەرفەتە نەقۆزینەوە رێگای خۆیان دەدۆزنەوە بۆ گەڕانەوە بۆ سوریا".
 
2025-01-16
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.