"وێرانکاری و دوکەڵ لە هەموو شوێنێکەوە"بزانە ئاگرەکەی کالیفۆرنیا چی وێرانکردووە
نها نیوز – هەواڵەکان
بەرپرسانی ناوچەی لۆس ئەنجلۆس ڕایانگەیاندووە، زیاتر لە 10هەزار شوێن و زۆرێک لە ماڵەکان بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە ناوچەی لۆس ئەنجلۆس وێران بوون.
جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، ئەو ئاگرکەوتنەوەی ئێستا لە ناوچەی لۆس ئەنجلۆسی گڕی گرتووە، وێرانکەرترین ئاگرە لە مێژووی کالیفۆرنیادا.
بایدن، کە تەنها چەند ڕۆژێک لە پۆستەکەیدا ماوە لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "ئەوە وێرانکەرترین ئاگرکەوتنەوەن لە مێژووی کالیفۆرنیادا و ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا 360 هەزار شوێن چۆڵکراون".
لە ئێستادا دەسەڵاتدارانی ناوچەی گەورەی لۆس ئەنجلۆس ئامادە نین لێدوان لەسەر ژمارەی وردی ئەو کەسانە بدەن کە لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە وێرانکەرەکانی ناوچەکەدا ڕوویانداوە، بەڵام تا ئێستا شەش حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە.
پێشتر لەلایەن دەسەڵات دارانی ناوچەکەوە باری نائاسایی ڕاگەیەندراوە، و زیاتر لە 130 هەزار کەسیش فەرمانی چۆڵکردنیان پێدراوە کە پێویستە ئامادەکاری بکەن بۆ چۆڵکردن.
|