جیهان

بە"تورک کردن"ی سوریا دەستیپێکرد

نها نیوز - هەواڵەکان

تورکیا دەستی گرت بەسەر سوریادا، دەیەوێ لەڕێگەی سوریاوە دەستی کراوە بێت لە لوبنان‌ و ئوردن‌ و عێراقداو پڕۆژەی بەتورککردن‌و "تەتریک"و عوسمانیەتی نوێ‌ لەدیمەشقەوە دەستپێبکات.
 
میدیای ئاوێنە بڵاویکردووەتەوە، "ئەمڕۆ ئەنقەرە کلیلی دیمەشقە"، ئەمە ئەنجامگیری کۆبونەوەیەکی هاوبەش ‌و درێژخایەنی بەرپرسانی ئەمەریکاو ئیسرائیل بووە بۆ گەیشتن بەڕێگەیەک بۆ نزیکبوونەوە لەحکومەتی نوێ لەدیمەشق، بەرلەوەی باربارا لیف، بەرپرسی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی دیمەشق بکات‌و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبێتەوە.

هاوکات "ئەساس میدیا"ی لوبنانی ئاماژە بەوە دەکات لەم کۆبوونەوەیەدا شەرع چەند بەڵێنێکی یەکلاکەرەوەی بەئەمەریکییەکان داوە.
ـ جەختکردنەوە لەسەر دەستوەرنەدان لەکاروباری هەموو دراوسێکانی سوریا.
ـ دووپاتکردنەوەی پەنا نەبردنەبەر هیچ کردەوەیەکی سەربازی دژ بەئیسرائیل.
ـ دووپاتکردنەوەی ئەوەی کە خاکی سوریا (وشکانی، دەریایی، یان ئاسمانی) بەهیچ شێوەیەک بۆ گواستنەوەو گەیاندنی چەک ‌و کەرەسەی سەربازی بەکارناهێنرێت بۆ حەشدی شەعبی‌ و حزبوڵڵای لوبنان.
ـ دووپاتکردنەوەی کۆتایی پێوەندی تایبەتی ڕژێمی نوێ لەسوریا لەگەڵ وڵاتانی ئێران‌و روسیا.
ـ دووپاتکردنەوەی خواستی سوریا بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە مامەڵەکردن لە هەموو بوارەکاندا لەگەڵ رۆژئاوا بەگشتی ‌و ئەمریکا بەتایبەتی.
ـ هەوڵدان بۆ گرتنربری هەموو رێکارەکان بۆ بنیاتنانی دامەزراوە سیاسییەکان ‌و ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی نیشتمانی لەگەڵ هەموو لایەک بەبێ ئەوەی هیچ کام لە هێز و رەوتە سیاسیەکانی لێبەدەر بکرێت، بەئامانجی بنیاتنانی سیستەمێکی مەدەنی ‌و یاسایی لەسەر بنەمای دەستورێکی مۆدێرن بۆ سیستەمێکی دیموکراسی.

ئەساس میدیا ئەوەشی خستووەتە روو "پێش ئەم کۆبونەوەیە، کۆبونەوەیەک لە دیمەشق لەنێوان بەرپرسانی تورکیا و قەتەر بەڕێوەچووە بەمەبەستی دەرسدادانی کاربەدەستانی نوێی سوریا، لەسەر ئەم بەڵێنانەی لە کۆبونەوەکەیاندا بەئەمەریکییەکانی دەڵێن".

لایەنی تورکی لەم رووداوانەدا سێ رۆڵی بینیوە:
ـ "بزوێنەر"ی دەستەی تەحریری شام بوو.
ـ ئاڕستەکەری رووداوەکان بوو.
ـ "گەرەنتیکەر"یان بووە لەبەردەم لایەنی ئەمریکیدا.

هەر بەگوێرەی راپۆرتەکەی میدیای ئاوێنە، زیاتر لە سێ ملیۆن پەنابەری سوری لە تورکیا هەن، ئەنقەرە هەوڵدەدات بیانگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆیان ‌و بەشێک لە تێچووی سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی سوریا بەدەستبهێنێت.

ئەوەش هاتووە، روخانی رژیمی ئەسەد لە سوریا، هەژمونی تورکیا بەسەر رۆژڵاتی ناوەڕاستدا زیاتر دەکات ‌و سەرچاوەکانی کەنداو دەڵێن؛ ساڵی 2025 ساڵی گەورەتربوونی رۆڵی ناوچەیی تورکیا دەبێت.

گرنگی ستراتیژی سوریا لە "تەرتیبکردن"ی بەرژەوەندییە باڵاکانی تورکیادا لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوەیە.

وەک دەڵێن "سنوری هاوبەشی نێوان تورکیاو سوریا کە درێژیەکەی 909 کیلۆمەترو لەڕۆژئاوای دەریای ناوەڕاستەوە تا خاڵی سێ سنووری لەگەڵ عێراق درێژدەبێتەوە، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر سویاو عێراقیش دەبێت".
یەکێکیتر لە هۆکارەکان "بوونی تورکیا بەهەژمون ‌‌و کاریگەرییەوە لەسەر رژێمی نوێ، کارتی گوشار دەبێت بۆ تورکیا لەدژی ئێران، کارتی سازش لەگەڵ روسیا، کارتی گێچەڵ لەگەڵ ئیسرائیل، کارتی ئاڵووێر لەگەڵ ئەمریکا".

لەلایەکی دیکەوە خای ئیتان کۆهین، لێکۆڵەرێکی ئیسرائیلی شارەزا لە پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیسرائیل دەڵێت "روخانی رژێمی ئەسەد و سەرهەڵدانی رژێمی دەستەی تەحریری شام‌ و هاتنەسەرکاریی، تورکیا بەدیفاکتۆ دەکاتە دراوسێی سیاسی، ئیسرائیل. هەرچەندە هیچ سنورێکی هاوبەشیان نییە".

"ئەساس میدیا"ی لوبنانی دەپرسێت 'ئایا ئێمە لەبەردەم پڕۆژەیەکی نوێی "تورکاندن‌ و تورکسازی"داین لە ناوچەکەدا، کە هەوڵدەدات سەر لەسوریاوە دەربهێنێت؟

بۆ ئەو مەبەستە، کۆنترۆڵکردنی رەفتار و سیاسەتەکانی هەیئەی تەحریری شام لەلایەن تورکیاوە، سێ ئەنجامی بێوێنەی بۆ تورکیا دەبێت:
ـ بەکردەوە رژێمی نوێی سوریا (تەتریک) دەکات.
ـ ئەنقەرە دەکات بەپایتەختی خەلافەتی نوێی عوسمانی.
ـ ئەردۆغان، دوای نەمانی حوکمی خەلافەت بۆ ماوەی زیاتر لەسەدەیەک، دەبێتە خەلیفەی نوێی عوسمانی و لایەتی سوریا.

 
2025-01-03
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.