نها نیوز – هەواڵەکان
وەزیری دەرەوەی ئێران ستراتیژی وڵاتەکەی بۆ دانوستانی ئەتۆمی لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا ئاشکرا کرد، کە بڕیارە بەم نزیکانە دەستبەکاربێت.
عەباس عێراقچ، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ دانوستان لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەربڕی ئەگەر فۆرمولەی هاوشێوەی ڕێککەوتنی پێشوو بخرێتەڕوو.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێران دەستبەرداری ئاڵای دانوستان نەبووە و ناشبێت، بەو پێیەی بنەمایەکی بنەڕەتییە، جەختی لەسەر پێویستی ئەم دانوستانانە "دادپەروەرانە و شەرەفمەندانە، و زامنکردنی مافەکانی گەلی ئێران" کردەوە.
جەختیشی کردەوە کە دانوستانەکان دەبێ "رێز لە هێڵە سوورەکانمان بگرن، کە لە کاتی گونجاودا دیاری دەکرێن، هەروەها بەشداری بکەن لە هەڵگرتنی سزاکان بە شێوەیەک کە شکۆی نەتەوەیی بپارێزێت".
دەشڵێت: "دانوستانی نوێ دەست پێبکات یان نا، تەنانەت دوای کشانەوەی ئەمریکاش لە مێزی دانوستان ئێمە هەر ئامادەین، چ لە سەردەمی حکومەتی ئێستا یان حکومەتەکانی پێشوودا".
ناوبراو هێمای بۆ ئەوە کرد کە لە ماوەی ڕابردوودا ئێران بە سیاسەتی "زۆرترین بەرخۆدان" ڕووبەڕووی سیاسەتی "زۆرترین فشار" بووەوە.
گوتیشی: "لە ئێستادا ئەگەر بەردەوام بن لە پەیڕەوکردنی هەمان ڕێباز، وەڵامی ئێمە وەک ڕابردوو دەبێت، بەڵام ئەگەر ڕێگای دانوستانی دادپەروەر و شەرەفمەندانە هەڵبژێرن و بە زمانی ڕێز قسە بکەن، ئێمەش بە شێوەی ماددی وەڵام دەدەینەوە" .ئێمە ئامادەین هەر ڕێگایەک بگرینە بەر کە ببێتە هۆی دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێران.