جیهان

کۆمەڵێک بەڵگەی نوێ ئاشکرا بوون لەسەر کوژرانی سەدان کەس لە زیندانەکانی ئەسەد

نها نیوز – هەواڵەکان

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە، بەڵگەنامەی نوێیان دەستکەوتووە کە سەلماندوویەتی 786 هاووڵاتی لە ژێر ئەشکەنجە و پشتگوێخستنی تەندروستی لە زیندانەکانی ڕژێمی بەشار ئەسەد گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی ئامارەکانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەرکەوتووە کۆی گشتی قوربانییەکان بۆ 63 هەزار و 411 کەس بەرزبووەتەوە.

ڕوانگەکە ئەم بەڵگەنامانەی بە "بەڵگەی یەکلاکەرەوە" بۆ ئەو تاوانکاری، دڕندەیی و پێشێلکارییە ترسناکانەی کە لە سەردەمی ڕژێمی لابراودا سوورییەکان تووشی بوون.

بەگوێرەی ڕوانگەکە، "ئەو بەڵگەنامە فەرمیانەی لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن دەرهێنراون تیشک دەخەنە سەر ڕادەی ئەو تاوانە ترسناک و پێشێلکارییە قورسانەی کە دەستبەسەرکراوان تووشی بوون، ئەمەش وایکردووە لێپرسینەوە لەو کەسانەی بەرپرسیارن لەم دڕندەییانە ئەرکێکی مرۆیی و ئەخلاقی بێت کە ناتوانرێت دوابخرێت".

بەم شێوەیە ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ماوەی ساڵی 2024دا لە لایەن ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤەوە لە ژێر ئەشکەنجەدان لە ناو گرتنە دەستبەسەرە ئەمنییەکانی ڕژێمی سووریادا گیانیان لەدەستداوە بۆ 14 هەزار و 625 کەس بەرز دەبێتەوە.

ڕۆژی 8ی کانونی یەکەمی 2024 دەسەڵاتی حوکمڕانی بنەماڵەی ئەسەد کە زیاتر لە 5 دەیە بەردەوام بوو کۆتایهات، دوای ئەوەی کوتلەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا هێرشێکیان دەستپێکرد کە بووە هۆی ڕووخانی بنەماڵەی ئەسەد و هەڵاتنی سەرۆکی ڕژێم بەشار ئەسەد، بۆ ڕووسیا.

دوای ململانێیەکی وێرانکەر کە زیاتر لە 13 ساڵی خایاند، ئیدارەی نوێی سووریا لەبەردەم ئەرکێکی قورسدایە کە بریتییە لە سەپاندنی ئاسایش و پاراستنی دەوڵەتی فرە تائیفی و فرە نەتەوەیی.

دەسەڵاتە نوێیەکان لە دوای گەیشتنیان بۆ دیمەشق گوتارێکیان گرتۆتەبەر کە بە "میانڕەو" وەسف دەکرێت، بەڵام گومانی گەورە کاریگەری لەسەر ئەم گوتارە هەبووە، بەتایبەتی لەگەڵ مێژووی سەرکردەی نوێی سووریا، ئەحمەد شەرع، کە ناسراوە  بە "ئەبو محەمەد جولانی".

2025-01-01
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.