ئازەربایجان لە هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە داوای ڕونکردنەوە لە ڕوسیا دەکات
نها نیوز - هەواڵەکان
سەرۆک کۆماری ئازەربایجان ڕوسیای تۆمەتبار کردووە، بەوەی کە هەوڵی پەردەپۆشکردنی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە ئازەربایجانییەکە دەدات کە لەم هەفتەیەدا لە کازاخستان کەوتە خوارەوە.
ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆک کۆماری ئازەربایجان داوای لە ڕوسیا کردووە دان بە "تاوانباری" خۆیدا بنێت لە کارەساتەکەدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو گریمانە جۆراوجۆرانەی کە لەبارەی ڕاستییەکانەوە خستووەتەڕوو "بە ڕوونی ئەوە نیشان دەدەن کە لایەنی ڕووسی ویستویەتی ئەم بابەتە پەردەپۆش بکات".
ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکدا کە دەزگای فەرمی ئازەرتاک باسی لەوە کردووە، "داننان بە تاوان و پێشکەشکردنی داوای لێبوردن لە ئازەربایجان کە وڵاتێکی دۆستانەیە، و پێدانی زانیاری لەسەر ڕووداوەکە بە ڕای گشتی، هەموو ئەو ڕێکار و هەنگاوانەن کە دەبوو بگیرایەبەر".
|