سوریا یەکەم هۆشداری مەترسیدار بە ئێران دەدات
نها نیوز - هەواڵەکان
وەزیری نوێی دەرەوەی سوریا هۆشداری دەدات بە ئێران و رایدەگەیەنێت کە ئاژاوە لە سوریا نەنێتەوە، بەڵکو "لەسەریەتی رێز لە ئیرادەی گەل و سەروەریی وڵات بگرێت".
ئەسعەد شیبانی، وەزیری دەرەوەی دەسەڵاتی نوێی سوریا لە هەژماری خۆی لە ئێکس نوسیویەتی "دەبێت ئێران رێز لە ئیرادەی گەلی سوریا و سەروەریی و ئاسایشی سوریا بگرێت. هۆشدارییان دەدەینێ لەبارەی دروستكردنی ئاژاوە و پشێوی لە سوریا و بەرپرسیارێتی لێكەوتەكانی لێدوانەكانی ئەم دواییەیان دەخەینە ئەستۆ".
ئەسعەد شیبانی لێدوانەكانی ئێرانی لەوبارەیەوە دیاری نەكردون، بەڵام قسەكانی لەدوای ئەوە دێن كە رۆژی یەكشەممە، عەلی خامەنەیی، رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران داوای لە گەنجانی سوریا كرد، رووبەڕووی ئەوانە ببنەوە كە لەپشت روداوەكانی سوریا و "نەهێشتنی ئاسایش"ەوەن لەو وڵاتە.
خامەنەیی ئاماژەی بەوەشداوە "چاوەڕێ دەكەین گروپێكی بەهێز لە سوریا سەر هەڵبدات، چونكە گەنجانی سوریا ئەمڕۆ هیچیان نییە لەدەستی بدەن، قوتابخانە، زانكۆ و ماڵ و شەقامەكانیان كراونەتە شوێنی ناسەقامگیر".
وتیشی"بۆیە دەبێت گەنجانی سوریا بەوپەڕی هێزەوە دژی پیلانگێڕان و ئەوانە بوەستنەوە كە بوونەتە مایەی نەبوونی ئاسایش و بەسەریاندا سەربكەون".
|