دەنگۆی جیابوونەوەی هاوسەرەکەی ئەسەد رەتکرایەوە
نها نیوز - هەواڵەکان
پێشتر میدیاكانی توركیا و عەرەبییەكان رایانگەیاند كە ئەسما ئەسەد، هاوسەری سەرۆکی پێشووی سوریا دەیەوێت لە بەشار ئەسەد جیاببیتەوە و داوای رێگەپێدانیشیی كردووە بۆ چونە دەرەوە لە مۆسكۆ، بەڵام كۆشكی كرملین ئەو هەواڵانە رەتدەكاتەوە.
میدیاكانی توركیا و میدیا عەرەبییەكان ئاماژەیان بەوەداوە كە ئەسما ئەسەد داوای جیابونەوەی لە بەشار ئەسەد كردووە و لە دۆخی ژیانی لە مۆسكۆ ناڕازییەو دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ لەندەن و لەوێ چارەسەری پزیشكی وەربگرێت.
بەپێی ئەو میدیایانە، ئەسما ئەسەد داواكاریشی بۆ رێگەپێدانی بۆ چونە دەرەوە لە مۆسكۆ پێشكەش بە دەسەڵاتە یاساییەكانی روسیا كردووە و داواكەی لە ئێستادا لەلایەن دەسەڵاتدارانی روسیاوە "دیراسە" دەكرێت.
لەوبارەیەوە، كۆشكی سەرۆكایەتی روسیا (كۆشكی كرملین) رەتیكردەوە كە ئەسما ئەسەد نیازی جیابونەوەی لە بەشار ئەسەد و جێهێشتنی روسیای هەبێت.
دیمیتری پیسكۆف، وتەبێژی كۆشكی كرملین هەروەها ئەو بانگەشانەشی رەتكردنەوە كە باس لەوە دەكەن، بەشار ئەسەد لە مۆسكۆ دەستبەسەرە و پارەكانی بلۆك كراون.
ئەسما ئەسەد خاوەنی رەگەزنامەی بەریتانی و سورییە، لەدایكبووی لەندەنە و لەوێش گەورە بووە. ئەو لەساڵی 2000 هاتە سوریا و هەر ئەو ساڵەش لەگەڵ بەشار ئەسەد هاوسەرگیری كرد.
بەپێی راپۆرتەكان ئەسما ئەسەد توشبوی شێرپەنجەی خوێنە و بەرلەوەش شێرپەنجەی مەمكی هەبوو، بەڵام لە ساڵی 2019دا رایگەیاندبوو كە نەخۆشییەكەی بەتەواوەتی تێپەڕاندووە.
راپۆرتەكان باس لەوە دەكەن كە سامانی بەشار ئەسەد، خۆی دەبینێتەوە لە 270 كیلۆگرام زێڕ و دوو ملیار دۆلار و 18 شوقە لە مۆسكۆ.
|