جیهان

تورکیا هەڕەشەیەکی نوێ لە کوردەکانی سوریا دەکات و "یەپەگە" هەڵدەوەشێنێتەوە

نها نیوز – هەواڵەکان

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا دوای سەردانەکەی بۆ دیمەشق داوای هەڵوەشاندنەوەی یەپەگە دەکات و لە هەڕەشەیەکی نوێشدا دەڵێت "هیچ جێگایەک بۆ هێزە کوردییەکان لە داهاتووی سوریادا نابێت".

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا دوای سەردانەکەی بۆ دیمەشق و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع فەرماندەی گشتی دەستەی تەحریری شام لە دیمەشق وتی "لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی نوێی سوریا باسیان لە بوونی یەپەگە کردووە و پێی وایە دیمەشق هەنگاو دەنێت بۆ دەستەبەرکردنی یەکپارچەیی خاکی سوریا و سەروەری سوریا".

فیدان وتیشی "لە قۆناغی داهاتوودا دەبێت یەپەگە بگاتە ئاستێک کە چیتر مەترسی نەبێت بۆسەر یەکێتی نەتەوەیی سوریا"، ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە یەپەگە هەڵبوەشێتەوە.

وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوەشکرد، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی "چاوپۆشی دەکات" بەرامبەر بە "نایاسایی" کردەوەکانی SDF و YPG لە سوریا، فیدان پێشیوایە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا رێگەیەکی جیاواز دەگرێتەبەر.

جگە لەوەش، ئەمەریکا هەفتەی رابردوو دانی بەوەدانا کە دوو هەزار سەربازی لە سوریادا هەیە، ئەوەش دوو هێندەی ئەو ژمارەیەیە کە پێشتر ئاماژەی پێدابوو. هەرچەندە ئەو وڵاتە لە شەڕی دژ بە داعشدا پشتیوانی لە هێزەکانی سوریای دیموکرات کردووە، بەڵام تورکیا داوای لە واشنتن کردووە یارمەتییەکانی بۆ ئەو هێزانە رابگرێت.

هەروەها ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هۆشداریداوە لەسەر ئەوەی رەنگە داعش هەوڵی دووبارە دروستکردنەوەی تواناکانی بدات لەم قۆناغەدا.
 
2024-12-23
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.