جۆلانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا لە دیمەشق کۆبووەوە
نها نیوز – هەواڵەکان
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاشکرایکردووە، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەستەی تەحریری شام کۆبووەوە.
ڕۆژنامەی وەتەنی سووری ڕایگەیاندووە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوی تورکیا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردایەتی نوێی سووریا گەیشتووەتە کۆشکی گەل.
ئاماژەی بەوەشکردووە، فیدان و شەرع، فەرماندەی گشتی بەشی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە سووریا و سەرۆکی گروپی دەستەی تەحریری شام کە دوو هەفتە لەمەوبەر سەرکردایەتی ئۆپەراسیۆنی ڕووخاندنی ڕژێمی بەشار ئەسەدیان کرد دەرکەوتووە.
پێشتریش ئەمڕۆ جۆلانی لەگەڵ وەلید جومبلات، سەرۆکی پێشووی پارتی سۆسیالیستی پێشکەوتنخواز لە لوبنان کۆبووەوە، ئەمەش لەکاتێکدا چاوەڕوانی ئەوە دەکرا کە جۆلانی چاوی بە فیدانیش بکەوێت.
پێشتر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، فیدان بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریا گەشت دەکات بۆ دیمەشق.
|