نها نیوز – هەواڵەکان
جۆ بایدن، سەرۆکی دەستلەکارکێشاوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، مانگی داهاتوو بەشداری لە مەراسیمی دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەکات.
کۆشکی سپی مانگی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو، بایدن و خانمی یەکەم جیل بایدن، بەشداری لە مەراسیمی دەستبەکاربوونی ترەمپ دەکەن.
لە مانگی ئابدا بایدن، بەڵێنیدا ئەگەر ترەمپ دووبارە هەڵبژێردرێتەوە، لە مانگی یەکی ساڵی 2025دا بەشداری لە مەراسیمی دەستبەکاربوونی ترەمپ بکات.
ئەندرۆ بەیتس، جێگری سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، سەرۆک کۆمار بەڵێنیداوە کە ئامادەی دەستبەکاربوونی هەرکەسێکی براوە بێت لە هەڵبژاردنەکاندا، بۆیە ئەو و خانمی یەکەمیش ئەو بەڵێنە جێبەجێ دەکەن و بەشداری لە مەراسیمی دەستبەکاربوونەکەدا دەکەن.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە ترەمپ، دوای ئەوەی لە ساڵی 2021 بۆ جاری دووەم نەیتوانی ببێتەوە بەسەرۆک بەشداری نەکرد لە ڕێوڕسمی سوێند خواردنی بایدن، چونکە ڕووبەڕووی کاردانەوە بووەوە لەسەر کارەکانی پەیوەست بە ئاژاوەگێڕییەکانی پایتەختی ئەمریکا لە سەرەتای ئەو مانگەدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بایدن بەشداریکردن لە دەستبەکاربوونیدا "وەک نیشاندانی گرنگی پابەندبوون بە بەها دیموکراسیەکانمان و ڕێزگرتن لە ئیرادەی خەڵک دەبینێت لەکاتێکدا بەردەوامین لە دابینکردنی گواستنەوەیەکی ڕێک و پێک و کاریگەر".
بایدن باسی لە گواستنەوەی ئاشتیانەی سەرۆکایەتی کردووە، مانگی ڕابردووش لەگەڵ ترەمپ کۆبووەوە، لەوێدا هەردووکیان بەڵێنیان دا کە کۆشکی سپی بە ئاسانی گواستنەوە لە نێوان هەردوو ئیدارەی ئەمریکادا ئەنجام بدات.