جیهان

حوسییەکان بەهاوکاری میلیشیاکانی عێراق هێرشیانکردە سەر ئیسرائیل

نها نیوز - هەواڵەکان 

حوسیەكانی یەمەن بەهاوبەشی لەگەڵ مقاوەی ئیسلامی لە عێراق ئیسرائیلیان كردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە 16 کەس بریندار بوو.

بەیانی ئەمڕۆ، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند "موشەكێك لەیەمەنەوە هەڵدراوە لەناو ئیسرائیل و لە نزیك تەلئەبیب كەوتووەتە خوارەوە، دوای ئەوەی هەوڵەكانی رێگەلێگرتنی شكتیهێناوە".

هاوكات پۆلیسی ئیسرائیلیش بڵاویكردەوە، موشەكەكە زیانی بە ژمارەك خانوی هاوڵاتییان گەیاندووە، میدیاكانی ئیسرائیلیش ئاماژەیان بەوەكرد، موشەكەكە لەناوچەی بەنی بەراك لە رۆژهەڵاتی ئیسرائیل كەوتووەتە خوارەوە. 

لای خۆشیەوە، یەحیا سەریع، وتەبێژی گروپی حوسییەكانی یەمەن ئاشکرایکردووە "ئامانجێكی سەربازییان بە موشەكی بالیستی لە یافای داگیركراو بۆردومان كردووە، لە وەڵامی بۆردومانكردنی یەمەن و قەسابخانە بەردەوامەكانی ئیسرائیل لە غەززە".

سەبارەت بە ژمارەی بریندارەکان، كەناڵی (12) ئیسرائیل بڵاویكردەوە، ژمارەی ئەو كەسانەی كە بەهۆی كەوتنەوەی موشەكێك لە ناوەڕاستی ئیسرائیل برینداربوون، بەرزبووەتەوە بۆ (16)كەس.  

هێرشەکە لەکاتێکدایە، دوێنێ وتەبێژی حوسییەكان‌ لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكرد، دوو كردەوەیان بە فرۆكەی بێفركەوان بۆ سەر باشوری ئیسرائیل ئەنجامداوە، كە یەكێكیان بەهاوكاری گروپی مقاوەمەی ئیسلامی بووە لە عێراق و بەسەركەوتویی ئامانجەكانیان پێكاوە.
2024-12-21
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.