نها نیوز – هەواڵەکان
سەرۆککۆماری تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە جەختی لە پێویستی گەیشتن بە سەقامگیری لە سووریا و یارمەتیدانی گەلی سووریا کردەوە.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە وتارەکەیدا لە 11مین لوتکەی ڕێکخراوی هاریکاری ئابووری "هەشت" گەشەسەندوو کە ڕۆژی پێنجشەممە، لە قاهیرە دەستیپێکرد وتی "جیهان شایەتحاڵی ململانێی زۆرە، بەتایبەتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
وتیشی: "ئێمە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی فەلەستین، لوبنان و سووریا دەکەین و هەوڵ دەدەین سەقامگیری لە سوریا بەدی بهێنین و هاوکاری گەلی سووریا بکەین".
ڕوونیشی کردەوە کە "پشتیوانیکردنی گەنجان و پڕۆژە بچووکەکان پێویستە بۆ بەدیهێنانی گەشەی ئابووری"، جەختی لەسەر پێویستی "پشتیوانیکردنی ئەو گەنجانە کردەوە کە نوێنەرایەتی زۆرینەی ڕەهای کۆمەڵگەکانمان دەکەن".
ئەردۆغان داوای کرد "تەرکیزی زیاتر بکرێت لەسەر بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد و تەکنەلۆژیای سەردەمیانە لە کەرتە جیاوازەکاندا".
لوتکەکە لەلایەن ولاتی میسر میوانداری دەکرێت، لە ژێر ناوی "وەبەرهێنان لە گەنجان و پاڵپشتیکردنی کارگە بچووک و مامناوەندەکان بۆ داڕشتنی ئابووری سبەی" بەڕێوەدەچێت، بە ئامادەبوونی سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوەکە و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی وڵاتانی تازەپێگەیشتو و ناوچەیی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.