جۆلانی دڵنیایدا لە تەشەنەنەکردنی جەنگی سوریا بۆ رۆژئاوا
نها نیوز - هەواڵەکان
فەرماندەى پرۆسە سەربازییەکانى سووریا رایگەیاند، وڵاتەکەى بەدەست شەڕەوە ماندوو بووە و نابێتە هەڕەشە بۆسەر وڵاتانى دراوسێ یاخود وڵاتانى رۆژئاوا. هاوکات داواش دەکات گروپەکەی لە لیستی "تیرۆرستەکان" بسڕدرێتەوە.
ئەحمەد شەرع، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ دەستەى رادیۆى بەریتانى، داواى هەڵگرتنى سزاکانى سەر سووریاى کرد و داواشیکرد دەستەى تەحریرى شام لە لیستى رێکخراوە تیرۆریستییەکان بسڕدرێتەوە، کەلە لیستى تیرۆرى نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەمریکا و یەکێتیى ئەوروپا و بەریتانیادایە.
ئەحمەد شەرع، کە پێشتر بە ئەبو محەمەد جۆلانى ناسراو بوو، وتی "دەستەى تەحریرى شام گرووپێکى تیرۆریستى نییە".
ئەحمەد رونیشیکردەوە "ئێمە خەڵکى سڤیل و شوێنە مەدەنییەکان بە ئامانج ناگرین"، هاوکات ناوبراو گرووپەکەى بە قوربانى، تاوانەکانى دەسەڵاتى ئەسەد ناوبرد.
ئەحمەد شەرع، رەتیشیکردووەتەوە سووریا ببێتە کۆپییەکى ئەفغانستان، هەروەها راشیگەیاند "هەردوو وڵات جیاوازن، دابونەریتى جیاوازیان هەیە و پێموایە ئەفغانستان کۆمەڵگەیەکى خێڵەکى هەیە، وە سوریا عەقڵیەتێکى جیاوازى هەیە و کە بڕواى بە خوێندنى ژن هەیە".
جێی ئاماژەیە، ئەحمەد شەرع لە کۆتایى مانگى رابردووەوە سەرۆکایەتیى گرووپە چەکدارەکانى کرد کە لە رۆژى هەشتى کانوونى یەکەم کۆتاییان بە دەسەڵاتى 53 ساڵەى بنەماڵەى ئەسەد هێنا.
|