نها نیوز – هەواڵەکان
سەرۆک وەزیرانی کاتی سووریا ئاشکرایکردووە، لە ماوەی داهاتوودا وەزارەتی بەرگری لە ڕێگەی کوتلە شۆڕشگێڕەکانەوە ڕێکدەخرێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە،17کانونی یەکەمی 2024، محەممەد بەشیر، سەرۆک وەزیرانی کاتی سووریا ڕایگەیاندووە، سووریا بەرەو دادپەروەری یەکگرتوو هەنگاو دەنێت و دەشڵێت: "ئەوانەی دەستیان بە خوێن سور نەکراوە بەخێرهاتن دەکرێن بۆ بنیاتنانی سووریای نوێ".
ئاماژەی بەوەشکردووە، سووریا هی هەموو منداڵەکانیەتی و هەمووان هاوبەشن لە بنیاتنانی داهاتوودا.
ئەوەشیخستەڕوو، لە ئێستادا یەدەگی دراوی بیانی وڵاتەکەی زۆر کەمە.
دوای ئەوەی بە فەرمی ئەرکی پێکهێنانی حکومەتێکی ڕاگوزەری پێسپێردرا بۆ بەڕێوەبردنی سووریا تا مانگی ئازاری ساڵی داهاتوو، بەشیر داوای لە هەموو سوریاییەکانی دەرەوەی وڵات کرد بگەڕێنەوە.
داوای لە هاونیشتمانییەکانی کرد کە لە ماوەی 13 ساڵەی شەڕ و پێکدادانەکاندا لە وڵات هەڵاتوون، بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
هاوکات، بەشیر لە لێدوانێکیدا بۆ کۆریێرێ دێلا سێرا وتی: "بانگەواز بۆ هەموو سوورییەکانی دەرەوەی وڵات دەکەم، ئێستا سووریا وڵاتێکی ئازادە کە شانازی و کەرامەتی خۆی بەدەستهێناوە بۆیە بگەڕێنەوە".
هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە "مافی هەموو خەڵک و هەموو مەزهەبەکان لە وڵاتدا زامن و پارێزراو دەبن".