جیهان

ئەمریکا هێرشی تورکیا و هاوپەیمانەکانی بۆسەر کۆبانێ راگەیاند

نها نیوز - هەواڵەکان

بەرپرسانی ئەمەریکا ئاشکرایانکردووە، تورکیا هێزێکی زۆری بە درێژایی سنوری سوریا جێگیرکردووە، بەمەش هێرشی ئەو وڵاتە و هاوپەیمانەکانی بۆسەر کۆبانێ نزیکە.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکا رایگەیاندووە، سوپای تورکیا لەگەڵ گرووپە میلیشیاکانی سوریا بە درێژایی سنوری سوریا هێزەکانیان ئامادەکردووە، ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ پەلاماردانی ناوچەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە "بەوتەی بەرپرسانی ئەمەریکا بێت، ئەو جموجوڵە سەربازییەی سوپای تورکیا لە ناوچە سنورییەکانی سوریا دەستیپێکردووە و چەک و جبەخانە دەگوازێتەوە، هۆشدارییەکی مەترسیدارە کە ئەنقەرە بە نیازە لەگەڵ گرووپە میلیشیا هاوپەیمانەکانی سوریا، هێرشێکی فراوان بکەنە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی کوردەکان".

هەر بەپێی وتەی بەرپرسە ئەمەریکییەکان "ژمارەیەکی زۆری چەکدار و کۆماندۆ بە جلی فەرمیی سوپای تورکیاوە لەسەر سنور و نزیک شاری کۆبانی جێگیر بوونە".

لایخۆیەوە یەکێک لە بەرپرسە ئەمەریکییەکان بە وۆڵ ستریت جۆرناڵی وتووە "بەگوێرەی ئەو ئامادەکاری و کۆکردنەوەی هێز بێت، ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە ناوچە سنورییەکان نزیک بووەتەوە".

لەلایەکی دیکەشەوە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە) هەڕەشە لە هێرشکردنە سەر مەنبج و ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان دەکات و دەڵێت "پەکەکە، یەپەگە و پەیەدە دوژمنی سەرسەختی تورکیان".

باخچەلی لە کۆبونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا باسی لە دۆخی کورد لە وڵاتەکەی و سوریا کرد و رایگەیاند "پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) جگە لەوەی ببێتە پارتێکی تورکیا هیچ بژاردە و رێگەیەکی دیکەی لەبەردەمدا نییە".

روداوەکانی ئەم دوایەی کۆبانێ لەکاتێکدایە، دوای ئەوەی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا لە 27ی مانگی رابردوو هێرشەکانی بۆ روخاندنی رژێمەکەی بەشار ئەسەد دەستپێکرد و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە) هەڕەشە لە هێرشکردنە سەر مەنبج و ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان کرد و وتی "پەکەکە، یەپەگە و پەیەدە دوژمنی سەرسەختی تورکیان".

هەروەها یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا باسی لەوەکردووە "تاوەکو روخانی رژێمەکەی ئەسەد، ئەمەریکا لە سوریا هەڵوێستێکی روونی هەبوو، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و دەبێت هەمووان ئەو راستییە قبوڵ بکەن، ناکرێت پشتیوانییەکانی ئەمەریکا بۆ یەپەگە بەردەوام بێت، هەربۆیە دەبێت یەپەگە لە چەکی قورس دابماڵدرێت".
2024-12-17
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.