ڕاوێژکارێکی باڵای خامنەیی دەگاتە دیمەشق
نها نیوز – هەواڵەکان
پەرلەمانتارێکی ئێران ئاشکرای کرد, عەلی لاریجانی، ڕاوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی، لە شەوی ڕابردووەوە لە پایتەختی سوریایە.
یەعقوب ڕەزازادە، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "عەلی لاریجانی ڕاوێژکاری سەرەکی ڕێبەری شۆڕش لە ئێستادا لە دیمەشقە، دوێنێ ئێوارە لەگەڵ سەرۆک کۆماری سوریا کۆبووەوە، و باسی بوونی بەشار ئەسەد لە ئێران ڕاست نییە".
هاوکات، ئاژانسی هەواڵی نور، سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە زاری سەرچاوەیەکی فەرمییەوە بڵاویکردووەتەوە، ئەو هەواڵانەی باس لە ڕۆیشتنی کادرە سیاسی و ڕاوێژکارە سەربازییەکانی ئێران لە سووریا دەکەن درۆیە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، وەک چەندین جار ڕاگەیەندراوە کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە سەرەتاوە، لەگەڵ گەل و حکومەتی ئەم وڵاتەدا بووە و لەگەڵ داواکاری حکومەتی سوریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمی تەکفیری ئەم پرۆسەیەش بەردەوام دەبێت.
|