جیهان

پەرلەمانی ئێران بەپەلە کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی سووریا

نها نیوز – هەواڵەکان 

میدیا ئێرانییەکان بڵاویان کردەوە، کۆبوونەوەیەکی "بەپەلە" لە پەرلەمانی ئێران بەڕێوەدەچێت کە لەلایەن لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی پەرلەمانەوە داوای کراوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی سەربازی و حکومی بەڕێوەدەچێت، باس لە پێشهاتەکانی ئێستای سووریا دەکرێت.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران ڕایگەیاندووە، بەرپرسانی چەکداری، ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و وەزارەتی ئیتلاعات بەشداری لە کۆبوونەوە بەپەلەکەدا دەکەن بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی سووریا.

دوێنێ ژمارەیەک لە نوێنەرانی ئێران ڕەخنەیان لە دامەزراوە سەربازییەکان گرت، لە ژێر ڕۆشنایی پێشڕەوییەکانی کوتلە چەکدارەکان بە سەرۆکایەتیی دەستەی تەحریر شام، چونکە بە خێرایی نەجووڵاون بۆ ڕێگریکردن لە ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سووریا.

چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان لە ئێران پێیان وایە ئەوەی لە سووریا ڕوودەدات لە چوارچێوەی "ڕێککەوتن"ێکدا ڕوودەدات کە بە نهێنی لەگەڵ ئێران ئەنجامدراوە لە ژێر ڕۆشنایی ئەوەی تاران پەلە نەکات سەبارەت بە ڕووداوە خێراکانی ئەوێ.

هاوکات، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ لە دەوحەی پایتەختی قەتەر وتی: "زووە بۆ قسەکردن لەسەر بڕیاردان، پێشهاتەکانی ناوچەکە لە گۆڕاندان و زۆر بەخێرایی ڕوودەدەن".

وتیشی: لە ئێستادا هەمووان ڕاوێژ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا دەکەن، ئێمەش هێشتا بەردەوامین لە پشتیوانی خۆمان بۆ گەل و حکومەتی سووریا.

لەکۆتایدا ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا ئەوان لە ناوەڕاستی شەڕێکی سیاسیداین و دەبێت بیکەین و ڕۆڵی تێدا بگێڕن.

2024-12-07
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.