جیهان

برینداربوونی قائانى پشتراستکرایەوە و سنگیشی پێکراوە

نها نیوز - هەواڵەکان

بەگوێرەی رۆژنامەیەکی کوەیتی، ئیسماعیل قائانی لە هێرشەکەی دەوروبەری بەیروتدا لە لوبنان بریندار بووە و بەدیاریکراوی (شانی و سنگی و قاچی)یەتی.

رۆژنامەی (ئەلجەریدە)ى كوه‌یتى له‌زارى سەرچاوەیەك لە فەیلەقی قودسى سوپاى پاسدارانه‌وه‌ رایگەیاندووە، لیوا ئسیماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقەكە، لە بۆردومانەكەی شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی دەوروبەری باشوری بەیروت كە هاشم سەفیەدین دیارترین جێگرەوەكانی حەسەن نەسروڵڵای كردوەتە ئامانج، برینداربوە و شانی‌و سنگی‌ و قاچی پێكراون.

بەوتەی سەرچاوە فەرمیەکە "قائانی بۆ چارەسەركردن رەوانەى تاران كراوەتەوە، پێش ئەوەی بچێتە ناو ئەو بارەگایەی كە بە (73)تۆن بۆمبی هەڵتەكاندنی حەشارگە قوڵەكان هێرشیكراوەتەسەر، برینداربووە".

"بڕیاربوە لەو شوێنە كۆبونەوەیەك بكەن بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی چۆنیەتی بەخاكسپاردنی ته‌رمى حه‌سه‌ن نەسروڵڵا و دانانی هەندێك سەركردەی نوێ‌، بەدەستبەكاربونی سەفیەدینیش وەك جێگرەوەی نەسروڵڵا" سەرچاوەکە وای وت

رۆژنامەی ئەلجەریدە ئەوەشی خستووەتە روو "قائانی لەڕێگەی وشكانیەوە چوه‌تە لوبنان، لەڕێگه‌ی تونێلە نهێنیەكانی نێوان سوریا و لوبنان، لەڕێوشوێنكی ئەمنیی توندا و چەندجارێك ئەو ئۆتۆمبیلانە گۆڕدراون كە گواستویانەتەوە".

سەرچاوەکەی نێو فەیلەقی قودسی پاسداران وتیشی "لەهێرشەكەدا یەكێك لەیاوەرەكانی قائانی‌ و شۆفێری ئۆتۆمبێلەكه‌شی كوژراون، پاسەوانەكانی كەلە ئۆتۆمبێلێكی دیكه‌دا بوون لە ئۆتۆمبێلەكەی دەریانهێناوە و دەستبەجێ‌ گواستویانەتەوە بۆ شوێنێكی پارێزراو، دواتر بەرەو سوریا رۆیشتون، پاشان گەڕاونەتەوە بۆ تاران، لە تاران چەند نەشتەرگەرییەكەی بۆكراوە".

ڕۆژنامە كوەیتیەكە لەزاری سەرچاوەكەیەوە ئاماژەی بەوەشداوە "قائانی لە ژووری چاودێریی ورد لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی تاران هێنراوەتە دەرەوە، دوای ئەوەی لە هێرشەكەی دەوروبەری باشوری بەیروت كراوەتە ئامانج.

سەردانەكەی قائانی لەکاتێکدایە، دوای ئەوەی رووبەڕووی رەخنە بوەتەوە، بەهۆی ئەو گورزە گەورانەی بەسەركردەكانی حزبوڵڵا كەوتووە كە هەماهەنگی ئەمنیان لەگەڵ فەیلەقی قودس، باڵی دەرەكی سوپای پاسداران هەیە.

جێی ئاماژەشە، راپۆرتە ئێرانیەكانیش باسیان لەوەكردووە‌، قائانی دوای ونبونی لەو رۆژانەی دوایدا خراوەتە ژێر مانەوەی زۆرەملێ‌، پێش سەردانەكەی بۆ بەیروت هەندێك لە ئەندامانی خانەوادەكەیی ‌و كەسە نزیكەكانی بانگهێشتكراون بۆ لێكۆڵینەوە لەگەڵیان، بەهۆی بوونی گومان لەوەی یەكێك لە كەسە نزیكەكانی دزەی بەزانیاریەكان كردبێت، كە چەندین كەسیان تائێستا دەستبەسەرن.


2024-10-06
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.