جیهان

جێگرەوەکەی حەسەن نەسروڵڵا دیار نەما

نها نیوز – هەواڵەکان

سەرچاوەیەک لە ئاسایشی لوبنانەوە ئاشکرای دەکات، ئەو کەسەی کە ئەگەری هەبوو جێی نەسڕوڵا بگرێتەوە لە رۆژی هەینییەوە دیار نەماوە.

سەرچاوەیەکی ئاسایشی لوبنان رایگەیاند "هاشم سەفەدین ئەو کەسەی کە ئەگەری هەبوو جێی سەرکردەی کوژراوی حزبوڵڵا، حەسەن نەسروڵڵا بگرێتەوە لە رۆژی هەینییەوە دیار نەماوە، ئەمەش دوای هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیل کە باس لەوە کرا سەفەدینی کردووەتە ئامانج".

دوو سەرچاوەی دیکە ئاسایشییەکەی لوبنان ئەوەش ئاشکرا دەکەن کە هێرشە ئاسمانییە بەردەوامەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر باشووری لوبنان کە بە "زاحییە" ناسراوە وایکردووە کە تیمەکانی فریاگوزاری نەتوانن بچنە شوێنی هێرشەکە.

هاوکات لەدوای هێرشەکەوە تاوەکو ئێستا حزبوڵڵا هیچ لێدوانێکی لەسەر سەفەدین نەداوە.

بەرپرسی سەربازیی باڵای سوپای ئیسڕائیل ناداڤ شوشانی رۆژی هەینی وتی "سوپا هێشتا هەڵسەنگاندن دەکات بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی شەوی پێنجشەممە"، وتیشی "هێرشەکان بارەگاکانی هەواڵگری حزبوڵڵایان کردووەتە ئامانج".

لەلایەکی دیکەشەوە، سەرچاوەیەکی لوبنانی لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "ئەلجزیرە" بە ئاماژە بە پچرانی پێوەندیی هاشم سەفیەدین سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕیوەبەریی حزبوڵڵا لەگەڵ حزبوڵڵا، دەڵێت "سەفیەدین کاتی کرانە ئامانجی ناوچەی مەریجە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە بنکەیەکی ژێرزەوینیدا بووە".

دەشڵێت "درۆنە ئیسرائیلییەکان لە رۆژی هەینییەوە تیمەکانی فریادڕەسییان کردووەتە ئامانج و ناهێڵن کەس لەو ناوچەیە نزیک بێتەوە و ئەگەرچی دانوستانی نیودەوڵەتی بۆ مۆڵەتدان بە تیمەکانی فریادڕەسی بەردەوامە، بەڵام ئیسرائیل بە لایەنە نێودەوڵەتییەکانی راگەیاندووە کە مۆڵەتی نزیکبوونەوە بە تیمەکانی فریادڕەسی لە ناوچەی مەریجە نادات".
 
2024-10-05
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.