جیهان

پزیشکیان بە زمانی کوردی: پەیوەندیەكانی نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان باشتر دەكەین

نها نیوز – هەواڵەکان
سەرۆك كۆماری ئێران لە لێدوانێكدا بە زمانی كوردی لە بەغداوە بۆ رۆژنامەنووسان دوا و ڕایگەیاند، پەیوەندیەكانی نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان باشتر دەكەین.

ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران دوای كۆبونەوەی لەگەڵ د. لەتیف رەشید، سەرۆك كۆماری عێراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا لە كۆشكی سەرۆكایەتییەوە ڕایگەیاند "سڵاومان بۆ خەڵكی كوردستان هەیە و لە خزمەتیانداین، ئینشاڵا دەچینە كوردستان و لەگەڵیان كۆدەبینەوە و بەرنامەمان هەیە بچینە ئەوێ".

ئاماژەی بەوەشكرد، پەیوەندیەكانی نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان باشە و باشتری دەكەن.

مەسعود پزیشكیان لە لێدوانەکەیدا باسی لەوەشكرد، لەو چەند ڕۆژەی كە لە عێراقە، لەسەر تەواوی بابەتە سیاسی، ئەمنی، ئابوری و فەرهەنگەیەكانەوە گفتوگۆ دەكەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسعود پزیشكیان، بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە عێراق و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق كۆببێتەوە، هەروەها بڕیاریشە سەردانی شوێنە پیرۆزەكانی شیعە لە نەجەف و كەربەلا بكات و دواتر بێتە هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەرپرسانی باڵادا كۆببێتەوە.
 
2024-09-11
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.