دڵنیایی لە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەدرێت
نهانیوز-هەواڵەکان
پەرلەمانتارێک دڵنیایی دەدات کە موچەی فەرمانبەران لە دادگای فیدراڵییەوە زامن کراوە و گۆڕانکاری لە بودجە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر دابینکردنی مووچە نابێت.
سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکیدا رایگەیاند،"هەرچەندە لە کۆتاییەکانی مانگی نیسان نزیک دەبینەوە، بەڵام تاوەکو ئیستا حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنها داهاتی ناوخۆی دوو مانگی ناردووە و ئەمەش ناڕەزایەتی عێراقی لێدەکەوێتەوە".
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە زامن کراوە و هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە، هەربۆیە گۆڕانکاری لە بودجەدا کاریگەریی لەسەر دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروستناکات.
سۆران عومەر ئەوەشی خستەڕوو، ئەو بڕە پارەیەی حکومەتی هەرێم رادەستی بەغدادی کردووە، بریتیبووە لە 51 ملیار و 48 ملیار دینار بۆ داهاتی دوو مانگ، هەرچەندە بڕەکە ناڕەزایەتی عێراقی لێدەکەوێتەوە بەڵام بەهۆی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، ئەگەری هەیە چاوپۆشی لە هەندێک وردەکاری بکرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە نیوە مانگی نیسان تیپەڕێوە و تا ئێستا لیستی موچە ئامادە نەکراوە و بۆ بەغدا نەنێردراوە.
|