ئێران وەڵامی نامەکەی ترەمپی دایەوە
سەرەڕای هەڕەشەکان و لێدوانە توندەکان، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە کە وەڵامی نامەکەی ترەمپیان داوەتەوە و پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ دانوستان دووپاتکردەوە.
نهانیوز- هەواڵەکان
وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عێراقچی لە لێدوانێکدا ڕۆژی یەکشەممەدا ڕونیکردەوە کە وەڵامی تاران بۆ پەیامەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ناوەڕۆکەکەیدا یەکدەگرێتەوە و دەرفەتی دیپلۆماسی پاراستوە و گوتی"دانوستاندنی راستەوخۆ لەگەڵ لایەنێک کە بەردەوام هەڕەشەی پەنابردن بۆ هێز دەکات و گوێمان لە هەڵوێستی دژ بە یەک لە لایەن بەرپرسانییەوە دەبێت، بێ مانایە".
عەباس عێراقچی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان وەک تاران پابەندن بە دیپلۆماسییەوە و "ئامادەین رێگەی دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ بگرینەبەر".
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی، وڵاتەکەی ئامادەی هەر رێگەیەکی دیکەیە و رایگەیاند: "ئێران بۆ هەر رووداوێک ئامادەیی هەیە. هەروەک چۆن لە دانوستاندن و دیپلۆماسییەتدا جیدییە، لە بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی و پاراستنی سەروەرییەکەی رژدە".
ئەوە لەکاتێکدایە کە سوپای پاسداران دووپاتی کردەوە کە ئامادەن بۆ هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی، بەڵام بە دوای شەڕکردندا ناگەڕێن.
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە هات کە تاران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندینجار پشتڕاستی کردەوە کە وەڵامی ئەو نامەیەی داوەتەوە کە ترەمپ لە سەرەتای مانگی ڕابردوو (ئازاری 2025) بۆی ناردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئامادەیە دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا لە ڕێگەی وڵاتی سێیەمەوە ئەنجام بدات.
ترەمپ پێنجشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە پێ وایە ئێران ئامادەیە بچێتە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بەڵام ترسی هەیە. جەختیشی لەوە کردەوە کە نایەوێت تاران تووشی شڵەژان بێت، بەڵکو دیالۆگی ڕاستەوخۆی پێ باشترە.
|