بافڵ تاڵەبانی بۆ 8ی مارس: هەمیشە لەگەڵتان بووم و دەبم و پشتیوانتانم
نها نیوز - هەواڵەکان
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە پەیامێکدا بۆ 8ی مارس دەڵێت "هیوادارم ئەمڕۆ سەرەتایەکی جددی و کارکردنی پێکەوەیی هەموومان بێت بۆ پارێزگاریکردن لە مافەکانی ژنان ".
وتیشی "هەمیشە لەگەڵتان بووم و دەبم و پشتیوانتانم".
دەقی راگەیەندراوی بافڵ تاڵەبانی:
لە رۆژی ٨ی مارس رۆژی جیهانی ژنان، لە دڵەوە پیرۆزبایی گەرم لە ژنانی کوردستان، عیراق و جیهان دەکەم.
هیوادارم ئەمڕۆ سەرەتایەکی جددی و کارکردنی پێکەوەیی هەموومان بێت بۆ پارێزگاریکردن لە مافەکانی ژنان و پشتیوانیکردن لە خەباتیان و نەهێشتنی جیاکاری و هێنانەدی داواکاری و خواستەکانیان.
ئێمە باوەڕی پتەو و نەگۆڕمان بە یەکسانی و فراوانکردنی بەشدارییان لە ناوەندەکانی دەسەڵات و بڕیاردا هەیە، لەسەر بنەمای ئەم پرەنسیپە چەسپاوە زەمینەی زیاتر دەڕەخسێنین بۆ ژنان تاوەکو لەناو ریزەکانی یەکێتیدا خەبات بکەن و شانبەشانی کاری رێکخراوەییان، پێکەوە خەباتی ژنان جۆشبدەینەوە و نەهێڵین لەژێر هیچ پاساوێکدا ئازادییەکانتان لێبسەندرێتەوە.
لەم یادەدا سڵاوی وەفاداری دەنێرین بۆ هەموو ئەو ژنە تەوارانەی لە قۆناغەکانی خەباتی کوردایەتی بەشێک بوون لەکۆڕی تێکۆشان و قوربانییان بەخشیوە لەپێناو گەل و خاکەکەماندا، چ وەک ژنە پێشمەرگە و شۆڕشگێر، وەک دایک، مامۆستا، چالاکوان کە لە پێشەوەی کۆڕی تێکۆشاندا بوون، هەمیشە خۆمان بەقەرزارتان دەزانین و وەفاداری ماندوبوون و خەباتتان دەبین.
هەمیشە لەگەڵتان بووم و دەبم، پشتیوان و پارێزەری بەدیهێنانی هەموو خواستەکانتانم و لە ریزی پێشەوەی نەهێشتنی بەربەستەکانی بەردەمتان دەبم، تا ئێوەی ژنان رۆڵی گرنگتر بگێڕن لە هەرێمى کوردستان و وەک هەمیشە بەشێکبن لە سەرکەوتن و گۆڕانکارییەکان لە هەموو کایەکانی ژیاندا.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
|