هەواڵ

جارێکی دیکە هەناردەی نەوتی هەرێم تەقەی تێکەوتەوە

لەدوای چەند ساڵێک و چەند کۆبوونەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم هەناردەی نەوتی هەرێم ،بەڵام جارێکی دیکە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم چەند هەنگاوێک چووتەوە دواوە.

بە پێی لێدوانی وەزیری نەوتی عێراق بێت دەبوو ئێستا نەوتی هەرێمی کوردستان بە بۆری رەوانەی بەندەری جەیهان لە تورکیا بکرێت،  بەڵام کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ناسراو بە "ئەپیکور"، کە لە هەشت کۆمپانیا پێکدێت و لەسەدا 60ـی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی لەژێر کۆنتڕۆڵدایە. رەتیدەکاتەوە بەبێ جێبەجێکردنی مەرج و داواکارییەکان دەستبکەنەوە بە هەناردەکردنی نەوت.

کۆمپانیا نەوتییەکان دوو مەرجی سەرەکیان بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت بە بۆری هەیە، یەکەمیان؛ وەزارەتی نەوتی عێراق دانبنێت بە گرێبەستەکانیان کە پێشتر لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا واژۆیان کردووە. خاڵی دووەمیش، گرەنتیکردنی پێدانی مافە داراییەکانیانە و قەرەبووکردنەوەیان بۆ ئەو نەوتەی بەرهەمییان هێناوە و ئەوەشی لە داهاتوودا بەرهەمی دەهێنن، بەڵام سەرباری ئەم مەرجانە بەغداد هەموارکردنەوەی گرێبەستەکانی هێناوەتەسەر مێزی گفتوگۆ، بەوەش هەوڵەکان بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت چەند هەنگاوێک چوونەتە دواوە. هەر ئەمەش وایکرد کۆبوونەوە بڕیارلێدراوەکەی رۆژی سێشەممە (4ی ئازار) هەڵبوەشێتەوە.

بە پێی هەواڵێکی میدیای یەکێتی وەزارەتی نەوتی عێراق دەیەوێت ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییانە بە گوێرەی هەموواری یاسای بودجە رادەسپێردرێت، سەرباری دیاریکردنی تێچووی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت بە گوێرەی گێڵکە نەوتییەکە، هەروەها دەسەڵاتی دەستکاریکردنی گرێبەستە نەوتییەکانیشی هەبێت و بتوانێت گرێبەستی نوێ لەگەڵ کۆمپانیاکان پێشنیاز بکات.

پرسی هەناردنەکردنەوەی نەوتی هەرێم مشتومڕێکی زۆرێکی نە تەنیا لە ناوخۆی هەرێم و عێراق بەڵکوو لە جیهانیش لێکەوتووەوە و هەندێک لایەن باس لەوەدەکەن کە چارەسەرنەکردنی هۆکاری"سیاسی" هەیە و لای خۆشیەوە دوێنێ سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دا بە سودانی کە ئەگەر هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێنەکاتەوە و هاوردەی نەوت و گازلە ئێرانەوە رانەگێرێت "سزای تووند بەسەر عێراق دەسەپێنێت".

بە پێی راپۆرتەکانی كۆمپانیای پیشەسازی نەوتی كوردستان (ئەپیكۆر) راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم زەرەری زۆری لە بودجەی گشتی عێراق داوە و تا ئیستا زیانەکانی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی كوردستان ١٩ملیار دۆلارە.

2025-03-06
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.