بەهێزترین شەپۆلی بارانبارینی ئەمساڵ بەڕێوەیە
شارەزایەکی کەشناسی ئاشکرای دەکات کە بەهێزترین شەپۆلی بارانبارینی ئەمساڵ دەگاتە هەرێم و پێشبینیی لافاو دەکرێت لە زۆربەی ناوچەکان.
ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشوهەوا، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" ئەمڕۆ چوارشەممە لە کاتەکانی بەیانییەوە کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سوور لەسەر زۆربەی پارێزگاکانی عێراق و باشور و ناوەراستی ئیدارەی گەرمیان دەستپێدەکات و ئاسمان بە زۆری دەگۆرێت بۆ ھەوری تەواو".
ئاماژەی بەوەشکردووە، بە دروستبوونی ناسەقامگیرییەکی لاواز بۆ مامناوەند ناوبەناو لە کاتی جیاوازدا ھەورە بروسکە و تاوە باران چڕ دەبێتەوە کە تاوەکان بارانی کەم تا مامناوەندن وە زۆربەی کاتەکان بای باشور و باشوری رۆژھەڵات چالاک دەبێت بەخێرای (١٠ - ٣٠)کم زیاتر لە کاتژمێرێکدا، ئەگەری خۆڵبارین لە زۆربەی ناوچەکانی عێراق دەبێت، پلەکانی گەرماش تا رادەیەک جێگیر دەبن وەک ئەمڕۆ تەنھا لەو ناوچانەی باران و ھەور ھەیە دوو پلە نزمدەبنەوە، بەڵام لە کاتەکانی ئێوارە و شەو کاریگەری ئەو حاڵەتە لاوازە درێژ دەبێتەوە بۆ ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و کەرکوک و ھەڵەبجە لەو ناوچانەشدا ئەگەری ھەورە بروسکە و تاوە باران دەبێت بە بڕی کەم تا مامناوەند و بەرەبەیانی سبەینێ پێنج شەممە ئەم قۆناغە کۆتای پێدێت.
ئەو کەشناسە کوردە پێشبینیش دەکات، قۆناغی دووەم ئێوارەی ھەینی دەستپێدەکات ناسەقامگیریەکە بەھێز دەبێت بەھۆی چالاکتربوونی نزمە پاڵەپەستۆکەی دەریای سوور و ھاتنی شێ و تەریەکی زۆر بۆیە لە زۆربەی ناوچەکانی عێراق پێشبینی باران و تەرزەی بەھێز و دروستبوونی ھەوری سوپەرسێڵ و لافاو دەکرێت کە بەھێزترین شەپۆلی بارانی ئەمساڵ دەبێت لەو ناوچانەدا کە زۆربەی شوێنەکان دەگرێتەوە و بڕێکی زۆریش باران دەبارێت.
ئاراس جەبار باسی لەوەشکردووە، لە ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان بەشێوەیەکی بەھێز دەگرێتەوە و پاشان بەرەو سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و کەرکوک و ھەولێرەوە کاریگەریەکانی درێژدەبێتەوە بەشێوەی کەمبوونەوە و لاوازبوونی ناسەقامگیریەکە واتا لە گەرمیان بەھێز و لە سلێمانی و کەرکوک و ھەڵەبجەوە مامناوەند دەبێتەوە و بە گەیشتنی بە ھەولێر و ئیدارەی راپەرین و دھۆک لاواز دەبێت.
|